پزیشکی تایبەتیی کۆشکی سپی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانی جۆ بایدن ئاشکرادەکات

رووداو – تەندروستی 

پزیشکی تایبەتیی کۆشکی سپی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانی سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرادەکات و رایدەگەیێنێت، ''سەرۆک بایدن پیاوێکی تەندروست و بەهێزی تەمەن 80 ساڵە و هێشتا شیاوە بۆ ئەوەی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی بەسەرکەوتوویی جێبەجێبکات.''
 
پشکنینی پزیشکیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ناوەندی پزیشکیی سەربازیی نیشتمانیی واڵتەر رێد لە ئەمریکا کرا و دکتۆر کەیڤن ئۆکۆنەر، پزیشکی تایبەتیی کۆشکی سپی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت: ''ئەنجامەکان ئەرێنین و سەرۆک بایدن توانای هەیە وەکو سەرۆکێکی بەهێز و تەندروست ئەرکەکانی سەرۆکایەتی جێبەجێبکات.'' 
 
راپۆرتە پزیشکییەکان دەریدەخەن، بەهۆی تووشبوونی بە کۆڤید-19 لە هاوینی پار، سەرۆکی ئەمریکا زۆرجار تووشی هەوکردنی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسەی بووە، لەم بارەیەوە پزیشکەکەی روونیدەکاتەوە، ئاستی ئۆکسجینی بایدن هەرگیز لە خوار 97% نەبووە و هیچ نیشانەیەک بۆ کۆرۆنای درێژخایەنی لەسەر دەرنەکەوتووە.
 
هاوکات لە پشکنینەکاندا تێبینی برینێک لە سینگی جۆ بایدن کراوە و نێردراوە بۆ پشکنینی تاقیگەیی تاوەکو هۆکاری دروستبوون و جۆری برینەکە دەستنیشانبکرێن، هەروەها دکتۆر کەیڤن ئۆکۆنۆر رایدەگەیێنێت، ''بایدن گیرۆدەی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەیە کە وایکردووە دوای هەر ژەمێکی خۆراک پێویستبکات قوڕگی پاکبکاتەوە.''
 
پشکنینە پزیشکییە فیزیاییەکانی ئێسک و ماسوولکەکان دەریخستووە، جۆ بایدن گرژبوونی لە ماسوولکەی قاچیدا هەیە، ئەمەش وایکردووە کە رۆیشتنی ناڕێکبێت، لەم بارەیەوە دکتۆر کەیڤن دەڵێت: ''بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو نیشانەکانی خراپتر نەبوون، هەروەها چارەسەری سرووشتی بۆ حاڵەتەکەی بایدن دەکرێت و دەرمانی پێویست وەردەگرێت.''
 
تەنانەت دکتۆر کەیڤن پێوانی کێش و باڵای سەرۆکی ئەمریکای ئاشکراکردووە، بەجۆرێک درێژی باڵای 182.8 سانتیمەتر و کێشی جەستەی 80.7 کیلۆگرامە و دەڵێت: ''بەراورد بە دوایین پشکنینەکانی ساڵی 2021، جۆ بایدن 2.7 کیلۆگرام لە کێشی دابەزاندووە.''
 
پشکنینی چەورییەکان، ئاستی شەکری نێو خوێن، فەرمانەکانی رژێنی پەریزادە، تەندروستیی دڵ و رێژەی ڤیتامینەکان بۆ جۆ بایدن کراوە و دەرکەوتووە سەرجەمیان ئاسایین، لەکۆتاییشدا راپۆرتەکە دەریدەخات، سەرۆکی ئەمریکا تووتن بەکارناهێنێت و خواردنەوە کحولییەکانیش ناخواتەوە، هاوکات لە هەفتەیەکدا لانیکەم پێنج رۆژ وەرزش دەکات.