زانکۆی بۆستن: لەدوای ئۆمیکرۆن کۆرۆنای گۆڕاوی دیکە بڵاودەبنەوە
رووداو- هەولێر
توێژەرانی زانکۆی بۆستن رایدەگەیێنن مەترسیی هەیە لەدوای بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن، دووبارە چەند جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرهەڵبدەن و بڵاوببنەوە.
د. لیۆناردۆ مارتینێز، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی بۆستن دەڵێت بەپێی بەدواداچوونەکانی پێشووتریان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەرکەوتنی شێوازی خۆگۆڕین و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بۆیان دەرکەوتووە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتریدا، مەترسیی هەیە جۆری نوێی کۆرۆنا بڵاوببنەوە.
لیۆناردۆ روونیدەکاتەوە ئۆمیکرۆن زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە؛ ئەمەش هەلێكی زیاتر دەبێت بۆ بازدان و دروستبوونی گۆڕانکاری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی جۆری نوێی ڤایرۆسەکە.
دەشڵێت هەر تووشبوونێكی نوێ و تۆمارکردنی حاڵەتێكی دیکە، هەلێكی نوێیە بۆ بازدانی کۆرۆنا، هاوکات دەشڵێت هەرچەندە خەڵک ئێستا خۆیان کوتاوە و دژی کۆرۆنا بەهێزترن، بەڵام ڤایرۆسەکەش کە بەشێوەی ئۆمیکرۆن دەرکەوتووە زۆر خێراتر بڵاودەبێتەوە و خەڵکی زیاتر تووشدەکات.