ECDC: سەرەتای 2022 ئۆمیکرۆن دەبێتە باوترین جۆری کۆرۆنا لە ئەوروپا

16-12-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئۆمیکرۆن ئەوروپا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئاهەنگەکانی کریسمس و سەری ساڵ، ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی یەکێتیی ئەوروپا  (ECDC) هەواڵێکی ناخۆش بە ئەوروپیەکان دەدات. 
 
ئەو ئاژانسە تەندروستییە دەڵێت تاوەکو سەرەتای ساڵی نوێ ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی جۆری ئۆمیکرۆن دەبێتە جۆری هەرە باوی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە داوا لە وڵاتان دەکات، تەنیا پشت بە ڤاکسین نەبەستن، بەڵکو رێکاری تووندی خۆپارێزیش بگرنەبەر. 
 
دکتۆر ئەندریا ئامۆن، بەڕێوەبەری ECDC رایگەیاند: "ئێمە ئەگەری بڵاوبوونەوەی زیاتری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بە زۆر بەرز مەزندە دەکەین، ئەگەرێکی گەورەش هەیە ببێتە هۆی رەوانەکردنی خەڵکێکی زیاتر بۆ نەخۆشخانەکان و مردنی تووشبووی زیاتر بەراورد بەو رێژەیەی، کە چاوەڕێدەکرا لە ئەنجامی گۆڕاوی دەلتا هەبن. لەم دۆخەی ئێستا، ڤاکسین بە تەنیا ناتوانێت کاریگەریی ئۆمیکرۆن رابگرێت."
 
بەگوێرەی سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، تاوەکو ئێستا 66.6٪ی دانیشتووانی یەکێتییەکە دوو قورچک ڤاکسینیان وەرگرتووە. 
 
حکومەتەکانی 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتیی ئەوروپا داوا لە هاووڵاتییەکانیان دەکەن قورچکی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن بۆ ئەوەی سەرساڵێکی بێ کێشە بەڕێبکەن. ژمارەیەکیشیان دەستیان بە کوتانی منداڵانی تەمەن 5 تاوەکو 11 ساڵ کردووە. 
 
لە ئەڵمانیا، نزیکەی 70٪ی دانیشتووان دوو قورچک ڤاکسینیان وەرگرتووە، راوێژکاری ئەو وڵاتەش دەڵێت بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ ئەوەی خەڵکی دژە ڤاکسینیش رازیبکەن خۆیان بکوتن. 
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند: "دەمەوێت بە ناوی حکومەتەوە بڵێم، ئێمە رێز لە رەتکردنەوەی ڤاکسین دەگرین، ئێمە گوێیان لێدەگرین، دانوستاندن دەکەین، سینگمان کراوەیە بۆ رەخنە و رای جیاواز. ئێمە واز لە دروستکردنی متمانە لای ئەو کەسانە ناهێنین کە تاوەکو ئێستا دوودڵن لە وەرگرتنی ڤاکسین، ئێمە ئەو کارە بەزەبری بەڵگە زانستییەکان، لۆجیک و باشترین گفتوگۆ دەکەین."
 
حکومەتی فەرەنساش چاوەڕێدەکات بەهۆی تێکەڵاوبوونی خەڵک لە ئاهەنگەکانی کریسمس و سەری ساڵ، ژمارەی نەخۆشەکان لە یەکەکانی چاودێریی چڕ، لە 400 کەسەوە بۆ 4 هەزار کەس بەرزببێتەوە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-12-2021 سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە لووتکەکەیاندا لە برۆکسل تاوتوێی ئەوە بکەن، کە چۆن رێکاری خۆپارێزی نوێ بسەپێنن بێ ئەوەی ببێتە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆی ئازاد لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێک لە شوێنی کارەکەی. وێنە: Reuters

کۆمپانیایەک لە چین مۆڵەتی دڵتەنگی یاخود خەمۆکی بە کارمەندەکانی دەدات

لە چین کۆمپانیایەکی بارزگانی مۆڵەتی دڵتەنگی یاخود خەمۆکی بۆ کارمەندەکانی دادەنێت، خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت: ئەمە یارمەتییان دەدات کارمەندەکان باشتر کارەکانیان بکەن و لەگەڵ ژیانی خۆیاندا بیگونجێنن.