نایابترین توێژینەوە زانستی، پزیشکی و تەندروستییەکانی کوردستان و عێراق دەستنیشانکران
رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ لە سیمپۆزیۆمێکدا 10 باشترین توێژینەوە نایابەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن رێکخراوی کەیساین و زانکۆی سەلاحەدین دەستنیشانکران و توێژەران خەڵاتیان وەرگرت.
لە هەولێر ئەمڕۆ شەممە 16-11-2024 لەکۆی 42 هەزار توێژینەوە، 10 باشترین توێژینەوە دەستنیشانکران؛ هاوبەش محەمەد، مامۆستای زانکۆ و رێکخەرێکی سیمپۆزیۆمەکە بە رووداوی راگەیاند، سێ مانگە کاردەکەن بۆ ئەم سیمپۆزیۆمە.
هاوبەش محەممەد گوتی، توێژینەوەکانی ساڵی رابردوو لە عێراق و هەرێمی کوردستانیان هەڵسەنگاندووە، بۆ ئەوەی باشترینەکان دەستنیشانبکەن بەپێی کۆمەڵێک پێوەر کە خۆیان دانناوە و پێی دەگوترێت پێوەری SNAPR.
ئەو توێژینەوەیەی یەکەمی بەدەستهێنا، لەبارەی کاریگەرییەکانی پەتای کۆڤید-19 لەسەر چارەسەرەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بوو.
د. ئامانج بەکر، توێژەرەکەی بووە و لە زانکۆی هەولێری پزیشکی توێژینەوەکەی کردووە.