پسپۆڕێک: پێویستە رەچاوی رەنگی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بکرێت

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی ئاشکرای دەکات، دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان ئەگەر کۆمپانیای بەرهەمهێنەری جیاوازیشیان هەبێت، پێویستە هەمان رەنگ بن.
 
د. رەمەزان خدر، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی لە بنکەی مەلا فەندی لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، زۆرجار نەخۆش بەهۆی ئەوەی کە دەرمانێکی شەکرەی بەکارهێناوە کە رەنگی سپی بووە، کاتێک هی کۆمپانیایەکی دیکەی دراوەتێ و رەنگەکەی جیاواز بووە، نەیویستووە.
 
ئەو پسپۆڕە ئەم پێشنیازەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەرمانەکان بە ئاسانی لەلایەن نەخۆشەکانەوە بناسرێنەوە و دەڵێت: ''بەشێکی زۆری تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەساڵاچوون یاخود ئاستی خوێندەواری و سەرنجیان نزمە، بۆیە پشت بە رەنگی دەرمانەکان دەبەستن''.
 
پێشنیازدەکات، دەرمانەکانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەکو شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن رەنگیان دیاریکراو بێت و کۆمپانیاکان رەچاوی ئەوە بکەن کە هەمان رەنگ بۆ جۆری دەرمانەکە بەکاربهێنن.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار تووشبووی شەکرە هەن کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێرن.