پسپۆڕێک: تووشبوون بە فرەجووڵەیی بەهۆی زیادبەکارهێنانی شاشەکانەوە لەنێو منداڵان زیادبووە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار رایدەگەیێنێت، ئێستا بەشێکی زۆری منداڵانی تووشبووی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، دووچاری فرەجووڵەیی و لاوازیی سەرنج بوونەتەوە، هاوکات ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ زیادبەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2024 د. رزگار حامد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار بە رووداوی راگەیاند، ناڕێکیی رەفتار و بیرکردنەوە دەکرێت نیشانە بن بۆ لێکەوتە مەترسیدارەکانی زۆربەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان 'بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان'.
د. رزگار حامد، پسپۆڕی مێشک و دەمار دەڵێت: هەر کردارێک مێشک و جەستە چێژی لێببینن، ئەوا بەشێک لە هۆرمۆنی دۆپامین کە پێی دەڵێن، هۆرمۆنی دڵخۆشی دەردەدرێت، بەڵام کاتێک رێژەی هۆرمۆنەکە زیاددەبێت ئەوا کاریگەریی لاوەکیی دەبێت وەکو؛
- بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ
- گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ
- خەمۆکی
- تێکچوونی خەو
- لاوازیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
- لاوازیی کەسایەتی
هاوکات پێشنیازدەکات، بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ منداڵان سنوورداربکرێت و بە تەواوی کۆنتڕۆڵی ماوەی بەکارهێنانی بکرێت، بەڵام جێگرەوە بۆ ئەو ئامێرانەش بۆ منداڵ دابینبکرێن وەکو چوونەدەرەوە، یاریکردن لە گۆڕەپانی منداڵان، تێکەڵاوبوون لەگەڵ منداڵی دیکە و دابینکردنی یارییە هزرییەکان.
لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا، د. کازم گزال، پسپۆڕی دەرووندروستی دەڵێت، تاوەکو تەمەنی 5 ساڵ، منداڵ شاشەکان بەکارنەهێنێت.