توێژینەوەیەک: لە هەرێمی کوردستان 50٪ـی منداڵان رۆژانە زیاتر لە سێ کاژێر لەبەردەم شاشەکانن

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە هەرێمی کوردستان کراوە و دەریدەخات، 50٪ـی منداڵان رۆژانە زیاتر لە سێ کاژێر لەبەردەم شاشەکانن و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنن، دایکی منداڵێکی قوربانیش دەڵێت، منداڵەکەی زۆر لەبەردەم شاشەکاندا دەمێنێتەوە، هەر بۆیە قسەکردنی دواکەوتووە و پزیشکیش پێی گوتووە کە ئۆتیزمی هەیە.
 
منداڵەکە تەمەنی شەش ساڵە، جووڵەی زۆرە و توانای قسەکردنی نییە، ئەم منداڵە لە تەمەنی نۆ مانگییەوە لە شاشەی ئامێرە زیرەکەکان دانەبڕاوە، دکتۆرەکان بە دایکیان گوتووە، ''ئۆتیزمی هەیە''.
 
دایکی ئەو منداڵە قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت: ''لە تەمەنی نۆ مانگی لە ناو لانکەم دادەنا و بەجێمدەهێشت و کەناڵی ئای بەیبیم بۆ دەکردەوە، من دەهاتمەوە خواردنم ئامادەدەکرد و هەموو کارەکانم دەکرد، ئەم منداڵە هەر بێدەنگ بوو من نەمدەزانی ئۆتیزم چییە و حاڵەتێکی وا هەیە''.
 
ئەوەش باسدەکات کە دکتۆر پێی گوتووە، هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە نیشانەکانی ئۆتیزم لە منداڵەکە دەرکەوتوون ئەوەیە کە زۆر چاوی لە ئامێری زیرەک بووە و بە حاڵەتەکەی دەڵێن هەڵگەڕاوی شاشەیە.
 
زیادبەکارهێنانی ئامێری زیرەک بووەتە تەوەری سەرەکی زۆربەی توێژینەوەکان، هەر لەم چوارچێوەیەدا رێکخراوی ئاواتی منداڵان و کۆمەڵەی پزیشکانی منداڵان لە کوردستان کۆنفرانسێکیان لەسەر کاریگەرییەکانی ئامێری زیرەک لەسەر منداڵان رێکخست. د. نزار بەتایبەتی راپۆرتێکی لەسەر کاریگەرییەکانی ئامێری زیرەک ئامادەکردووە و 600 منداڵ بە نموونە وەرگیراون.
 
د. نزار گۆران، توێژەر و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: ''منداڵ لە دوو ساڵ کەمتر بە هیچ شێوەیەک نابێت مۆبایل و ئایپاد بەکاربهێنێت، لە دوو ساڵ تاوەکو پێنج ساڵ بۆی هەیە کەمتر لە یەک کاژێر بەکاری بهێنێت. بەڵام بەپێی توێژینەوەکەی ئێمە زیاتر لە 50٪ـی منداڵان ئامێری زیرەک بەکاردێنن''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: زیاتر لە 23٪ـیان خەویان تێکچووە. 18٪ـیان فرەجووڵەییان هەیە و 35٪ـیان ئالوودەی بەکارهێنانی مۆبایلن و هیچ کارێک ناکەن ئەگەر مۆبایلەکەی نەبێت.
 
بەکارهێنانی مۆبایل بووەتە بەشێک لە یاریی نێو کۆڵانی منداڵان، قوربانییەکانیشی رۆژ بە رۆژ زیاد دەبن و یەکێک لە قوربانییەکانی ئەم منداڵەیە کە دکتۆرەکان تەنانەت دڵنیانین لەوەی دەتوانن وەکو ئۆتیزمێک هەڵسەوکەوتی لەگەڵ بکەن.
 
لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا پسپۆڕێكی مێشک و دەمار دەڵێت: شاشەکان منداڵ فێری ئینگلیزی ناکەن، وەکو رۆبۆتی لێدەکەن.