مادەی مەترسیدار لەنێو پۆستەرەکانی هەڵبژاردندا هەن؛ هۆکاری شێرپەنجەن
رووداو - تەندروستی
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بەشێکی سەرەکیی ئەو مادانەی لەنێو پۆستەرەکانی هەڵبژاردن و چاپەمەنییەکان بەکاردەهێندرێن ژەهراوین و چەندین کاریگەریی لاوەکیی کورتخایەن {هەستیاری} و درێژخایەن {شێرپەنجە}ـی لەسەر مرۆڤ دەبێت، ''بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی نازانستی لانێوببردرێت''.
رووداو زانیویەتی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردن زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر فلێکس بەکارهێنراون، پسپۆڕێکی پیشەسازی و نەوت لە رووداو ئاشکرای کرد، ئەو پۆستەرانە لەکاتی سووتان کاریگەرییەکەیان دەردەکەوێت بەوەی کە گازی ژەهراوی دەردەدەن و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و هەناسەتەنگی زیاددەکەن.
یەکێک لە مادە ژەهراوییەکانی نێو پۆستەرەکان؛ مادەی پۆلی ڤینایل کلۆرایدە کە بە PVC ناسراوە.
زانیاری لەسەر Polyvinyl Chloride
مادەکە سێیەم بەنێوبانگترین مادەی زۆر بەکارهێنراوە لە جیهاندا و یەکێکە لەو مادانەی کە بۆ دروستکردنی بۆریی پلاستیکی، کەلوپەلی پزیشکی و کارەبایی بەکاردەهێندرێت و بەرگرییەکی زۆری هەیە بۆ رووناکی، گەرمی و ژەنگ. ئەو مادەیە بە شێوەیەکی ئاسایی رەقە و کاتێک لەگەڵ مادەیەکی پلاستیکی بە ناوی فتالەیت تێکەڵدەکرێت، نەرم دەبێت.
ئەو جۆرەی کە ئەو پۆستەرانەی لێدروستدەکرێت لە جۆری Flexible PVCـیە کە تێچووی کەمە و نەرمە، هەروەها بەرگریی لە تیشکی خۆر، گەرمی و مادە کیمیاییە زیانبەخشەکانیش دەکات و سووتێنەر نییە، بەڵام لە پلەی گەرمیی زۆر بەرزدا تێکدەچێت.
ئەو مادەیە لە پلەی گەرمیی 170 بۆ 210 پلەی سیلیزی دەتوێتەوە، هەر بۆیە بەپێی سەرچاوە جیهانییەکان، ئەو مادەیە دەتواندرێت ریسایکڵ بکرێت، بەڵام بە گوتەی عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان، هەموویان لەنێو ژینگە بەجێدەهێڵدرێن یان دەسووتێندرێن، چونکە سوودیان لێوەرناگیرێتەوە.
کاتێک یەک کیلۆگرام مادەی PVCـی لەنێو پۆستەرەکانی هەڵبژاردندا دەسووتێندرێت ئەم کاریگەرییانەی دەبێت؛