پسپۆڕێک: پۆستەرەکانی هەڵبژاردن مادەی ژەهراوییان تێدایە و بە رێگەی دروست لەنێوببرێن

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
د. سەنگەر ساڵح، پسپۆڕی پیشەسازی و نەوت - وێنەی چەند فلێکسێکی بانگەشەی هەڵبژاردن.
د. سەنگەر ساڵح، پسپۆڕی پیشەسازی و نەوت - وێنەی چەند فلێکسێکی بانگەشەی هەڵبژاردن.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە بانگەشەی هەڵبژاردن سێ ملیۆن مەتر فلێکس بەکارهێنراون، پسپۆڕێکی پیشەسازی و نەوت ئاشکرای دەکات، سووتاندنی فلێکس زیانی زۆر بە مرۆڤ و ژینگە دەگەیێنێت، چونکە مادەی ژەهراوی تێدایە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-10-2024 د. سەنگەر ساڵح، پسپۆڕی پیشەسازی و نەوت لە بەرنامەی هیوا جەمال بە رووداوی رایگەیاند، مادەی پۆلی ڤینایل کلۆراید کە بە PVC ناسراوە مادەیەکی سەرەکیی نێو پۆستەرەکانە و چەند مادەیەکی دیکەشی لەگەڵدا تێکەڵ دەکرێت کە هەموویان لەکاتی سووتان و فڕێدانیان بە نادروستی، زیان بە ژینگە و مرۆڤ دەگەیێنن.
 
د. سەنگەر ساڵح، پسپۆڕی پیشەسازی و نەوت روونی دەکاتەوە، ئەو پۆستەرانە لەکاتی سووتان کاریگەرییەکەیان دەردەکەوێت بەوەی کە گازی ژەهراوی دەردەدەن و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و هەناسەتەنگی زیاددەکەن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بەوەشدەکات، بە سووتاندنیان ژینگە پیسدەکەن و هۆکار دەبن بۆ ترشەباران و لەنێوچوونی بەپیتیی خاک.
 
لە کۆتاییدا پێشنیازدەکات، ئەو پۆستەرانە دووبارە بەکاربهێنرێنەوە بۆ ئەوەی زیانی لەنێوبردنیان لەسەر ژینگە و مرۆڤ کەمببێتەوە، بەڵام ئەوەش دەڵێت کە ''دەبوایە بە رێژەیەکی کەم بەکاربهاتنایە''. دەشڵێت: ''بۆ هەندێک کاری شێوەکاری و وێنەکێشی دەکرێت بەکاربهێندرێنەوە''.
 
لە کۆتاییدا گوتی، ''پێویستە ئەو فلێکسانە نەسووتێندرێت یاخود بە ئامێری تایبەت بسووتێندرێن، هاوکات پەناش ببرێتە بەر بانگەشەی ئەلیکترۆنی و چاپەمەنی کەمببێتەوە''.
 
لەم بارەیەوە شارەوانیی هەولێر چی دەڵێت؟
 
بەختیار محەممەد، سەرۆکی هۆبەی خزمەتگوزاری و بەدواداچوونی پاککردنەوە لە شارەوانیی هەولێر بە دێسکی تەندروستیی رووداوی گوت، هەموو کاتێک ئەو پۆستەرانە لەلایەن حیزبەکان و کاندیدەکانەوە لادەبرێن و پاکدەکرێنەوە، بەشێکیشیان لەلایەن ئاسنفرۆشەکانەوە کۆدەکرێنەوە، چونکە ئاسنیان لەگەڵدا بەکارهێنراوە.
 
هەروەها گوتیشی، هیچ بڕیارێک نەدراوە کە شارەوانیی هەولێر کۆیان بکاتەوە و بسووتێندرێن یاخود لەنێو ببردرێن، بەڵام لەنێوبردنیان دراوە بە هەریەک لە حیزبەکان.
 
زانیاری لەسەر Polyvinyl Chloride
 
مادەکە سێیەم بەنێوبانگترین مادەی زۆر بەکارهێنراوە لە جیهاندا و یەکێکە لەو مادانەی کە بۆ دروستکردنی بۆریی پلاستیکی، کەلوپەلی پزیشکی و کارەبایی بەکاردەهێندرێت و بەرگرییەکی زۆری هەیە بۆ رووناکی، گەرمی و ژەنگ. ئەو مادەیە بە شێوەیەکی ئاسایی رەقە و کاتێک لەگەڵ مادەیەکی پلاستیکی بە ناوی فتالەیت تێکەڵدەکرێت، نەرم دەبێت.
 
ئەو جۆرەی کە ئەو پۆستەرانەی لێدروستدەکرێت لە جۆری Flexible PVCـیە کە تێچووی کەمە و نەرمە، هەروەها بەرگریی لە تیشکی خۆر، گەرمی و مادە کیمیاییە زیانبەخشەکانیش دەکات و سووتێنەر نییە، بەڵام لە پلەی گەرمیی زۆر بەرزدا تێکدەچێت.
 
ئەو مادەیە لە پلەی گەرمیی 170 بۆ 210 پلەی سیلیزی دەتوێتەوە، هەر بۆیە بەپێی سەرچاوە جیهانییەکان، ئەو مادەیە دەتواندرێت ریسایکڵ بکرێت، بەڵام بە گوتەی عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان، هەموویان لەنێو ژینگە بەجێدەهێڵدرێن یان دەسووتێندرێن، چونکە سوودیان لێوەرناگیرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەریمان محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی مەمک.

پسپۆڕێکی شێرپەنجە: ئیتر باوی ئەوە نەماوە بەهۆی شێرپەنجەوە مەمک ببڕدرێتەوە

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە نوێترین رێگە چارەسەرەکان و مامەڵەکردنەکان بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە ئاشکرادەکات و دەڵێت: چارەسەرەکان لەڕووی نەشتەرگەری و دەرمانەوە پێشکەوتوون و ئێستا کوالێتیی چارەسەری بۆ شێرپەنجە باشتربووە.