توێژینەوەیەک: ڤەیپ زیان بە مێشک دەگەیێنێت

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی کاسۆلیک لە ئیکوادۆر دەریدەخات، کێشانی ڤەیپ زیان بە کارکردنی مێشک دەگەیێنێت و توانای بەکارهێنانی سنووردار دەکات. 
 
توێژینەوەیەکە ئاماژە بەوەدەکات، کێشانی ڤەیپ کاریگەری لەسەر کارکردنی مێشک دەبێت لەڕێگەی کەمکردنەوەی رۆیشتنی خوێن بۆ خانەکانی مێشک، ئەوانەی لە رۆژێکدا 10 بۆ 20 جار ڤەیپ هەڵدەمژن، توانای بیرکردنەوە، چارەسەرکردنی کێشەکان و رەخنەگرتنیان بەڕێژەی 14٪ کەمدەبێتەوە. 
 
ڤینان پاوچەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''تووتن کار لە فێرخوازان دەکات بەجۆرێک ئەوانەی جگەرە و نێرگەلە بەکاردەهێنن نمرەی کەمتر بەدەستدەهێنن''. 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO داوا لە وڵاتان دەکات، کۆنتڕۆڵی گەنجان و مێردمنداڵان بکەن، تاوەکو لە مەترسییەکانی ڤەیپ بەدووربن بەتایبەت ئالوودەبوون.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا، 8٪ـی قوتابییانی ئامادەیی و ناوەندی ڤەیپکێشن، کە ئەمەش دەکاتە نزیکەی دوو ملیۆن و 100 هەزار قوتابی.