وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: دابینکردنی ستاف گرنگترین رێگەی کردنەوەی سەنتەرەکانی ئۆتیزمە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیێنێت، دابینکردنی ستافی پێشکەوتوو و شارەزا یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ کردنەوە و دانانی هەر سەنتەرێکی راهێنان و شیاندنەوەی منداڵانی ئۆتیزم.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی ئەیلوولی 2024 کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامێکی پەیامنێری رووداودا هانی پسپۆڕ و کەسانی شارەزای دا کە لە بواری راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم کاردەکەن بەوەی، دەتوانن سەنتەری تایبەت بکەنەوە و خزمەت بە زۆرترین منداڵی ئۆتیزمی دەڤەرەکە بکەن.

تەنانەت ئەوەشی گوت، ئاسانکاریی تەواو بۆ هەر سەنتەرێکی نوێی راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم دەکەن و پاڵپشتیی تەواوەتیان دەکەن بۆ سەرکەوتنی سەنتەرەکەیان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی ئەیلوول، کوێستان محەممەد شێڵتەرێکی بۆ خانمانی بێلانە و هەڕەشەلێکراو لە رانیە و سەنتەرێکی راهێنانی منداڵان لە قەڵادزێ کردەوە و هەر لەنێو شێڵتەرەکەی رانیە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی ئەنجامدا.
 
بەپێی داتاکانی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی راپەڕین، رێژەی منداڵانی ئۆتیزم لە ساڵی 2012 لە ئیدارەی راپەڕین 20 منداڵ بووە، بەڵام لە 10 ساڵی رابردوودا رێژەکە بۆ زیاتر لە 200 منداڵ بەرزبووەتەوە، ئەم رێژەیەش تەنیا ئەو منداڵانەن کە لەلایەن لیژنەی پزیشکییەوە تۆمارکراون.
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی ئۆتیزم لە کوردستان، لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 739 منداڵی ئۆتیزم هەن کە هەزار و 612ـیان لە کۆمەڵە تۆمارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە