بۆچی سێلینا گۆمێز منداڵی نابێت؟

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

سێلینا گۆمێز، خانمە ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی لە نوێترین دەرکەوتنیدا ئاشکرای کرد، ناتوانێت منداڵی ببێت، چونکە دۆخێکی دەروونیی هەیە و بەهۆیەوە دەرمان وەردەگرێت.
 
سێلینا گۆمێز تەمەنی 32 ساڵە و دەڵێت: ''ئێستا دەرمانی نەخۆشیی دەروونیی دووجەمسەری دەخۆم، کە ژیانی کۆرپەکەم دەخاتە مەترسییەوە، هەر بۆیە ناتوانم دووگیانببم''.
 
تەنانەت لە ساڵانی رابردوودا ئەو خانمە ئاماژەشی بەوەکردووە کە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەیە بە ناوی نەخۆشیی گورگە سوورە
 
بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ئەو خانمە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بۆکرا، دواتر لە ساڵی 2020 تووشی نەخۆشیی دووجەمسەری دەبێت و نیشانەکانی لێدەردەکەون.

 
نەخۆشیی دووجەمسەری چییە؟
 
بەپێی مایۆکلینیک، دوو جەمسەری لەوەوە هاتووە کە نەخۆشەکە ماوەیەک خەمۆکی هەیە ماوەیەکیش دڵخۆشییەکی زۆری هەیە کە کار دەکاتە سەر ژیانی رۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنی کارەکەی.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی WHO، نەخۆشیی دووجەمسەری لە جیهاندا 40 ملیۆن تووشبووی هەیە.
 
هۆکارەکانی؛ 
 
- شۆکی دەروونی
- تەنگەژەی دەروونیی دوای رووداوەکان
- بۆماوەیی
- ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و کحول
- گوشاری دەروونی 
- ناڕێکییەکانی فەرمانەکانی مێشک
 
مەترسیی دەرمانەکانی نەخۆشیی دووجەمسەری لەسەر منداڵبوون؛
 
بەپێی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA، ئەو جۆرە دەرمانانە دەشێت ئەگەری تووشبوونی کۆرپەلە بە نەخۆشییە سکماکییەکان زیادبکەن و ئەگەری لەبارچوونیشیان زۆرە.
 
هەروەها ئەو خانمانەی نەخۆشییەکەیان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە ناڕێکییە دەروونییەکانی دوای منداڵبوون 100 ئەوەندە زیاترە لە خانمانی تەندروست، هەر بۆیە پێشنیازدەکرێت کە ئەو خانمانەی نەخۆشییەکەیان هەیە و دەرمان وەردەگرن، دووگیان نەبن.
 
ئەو هونەرمەندە لە بەڵگەفیلمی 'My Mind & Me' هەودارانی تووشی شۆک کرد، بەهۆی ئەوەی باسی ئەوەی کردووە، رەنگە نەتوانێت ببێت بە دایک بەهۆی وەرگرتنی چارەسەری بۆ نەخۆشییەکەی کە نەخۆشی دوو جەمسەرە. کلیک بکە بۆ وردەکاریی زیاتر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە