تەندروستیی فلیپین: ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' بەرزبووەوە

رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی فلیپین رایدەگەیێنێت، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' گەیشتە 18 تووشبوو و سەرجەمیان کەرەنتینە کراون.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوەدەکات، پێنج لە تووشبووەکان لە قۆناخەکانی کۆتایی چاکبوونەوەن، 11ـە تووشبووەکەی دیکەش تەندروستییان جێگیرە. 
 
تیۆدۆرۆ هێربۆسا، وەزیری تەندروستیی فلیپین دەڵێت، ''ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە هەر ئەو 18 تووشبووەی هەن ڤایرۆسەکەیان بۆ کەسانی دیکە بڵاونەکردووەتەوە''.
 
هێربۆسا دەشڵێت، جیا لە نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' ئەمساڵ ژمارەی تووشووانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە ناوچەکە بەڕێژەی 68% زیادیکردووە.
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، وڵاتانی ئەفریقا زۆرترین ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون'ـیان تێدایە و ڤایرۆسەکە لە 14 وڵاتی کیشوەرەکە بڵاوبووەتەوە.
 
بەپێی رێکخراوەکە، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە هاوشێوەی ئەنفلەوەنزان لەگەڵ دروستبوونی برین لەسەر جەستە، ڤایرۆسەکە لەڕێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ و بە دەست لێدانی جێگەی نوستن، جل و بەرگ و خاولی کەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە.