سەندیکای کارمەندانی تەندروستی: 90%ی دامەزراوە تەندروستییەکانی پارێزگای سلێمانی داخراون

16-09-2023
هیدایەت جان
لۆگۆی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان
لۆگۆی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لقی سلێمانی - سەندیکای کارمەندانی تەندروستی دەڵێت، "تەنیا لە بەشی فریاکەوتن و سووتان و شوێنە هەستیارەکانی دیکەی سلێمانی دەوام دەکرێت و نزیکەی 90%ی دامەزراوە تەندروستییەکان بەهۆی پێنەدانی مووچە دەوامیان راگرتووە و ئەگەر سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گرفتی مووچە یەکلایی نەکاتەوە، رێگەی تووندتر دەگرنەبەر."
 
رۆژی شەممە 16ی ئەیلوولی 2023 هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی- سەندیکای کارمەندانی تەندروستی میوانی بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "ئەو نەخۆشخانانەی فریاگوزاریی ساردیان تێدایە، وەکو هۆڵەکانی نەشتەرگەری و سەنتەر و مەڵبەندەکانی تەندروستی و بنکەکان کە بە مەوعید خەڵک سەردانیان دەکەن، بەگشتی دەوامیان راگیراوە."
 
هاوژین عوسمان گوتی، "تەنیا ئەو شوێنانەی بەشی هەستیاری هەیە، وەکو فریاکەوتنەکان، سووتاوی، شۆردنەوەی گورچیلە، چاودێریی چڕ و ئەمبوڵانسەکان دەوام دەکەن، هەرچەند لەو شوێنانەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانیان، دەوامیان کەم کراوەتەوە."
 
سەرۆکی لقی سلێمانی - سەندیکای کارمەندانی تەندروستی دەڵێت، مانگرتنەکەیان بۆ دواکەوتنی مووچەی کارمەندەکانیانە کە ماوەی دوو مانگ و نیوە وەریان نەگرتووە، "زۆربەی ئەو کارمەندانە مووچەکانیان ئەوەندە کەمە، لەوانەیە بەشی گوزەرانی ژیانیان نەکات، سەرباری ئەمەش دوو مانگ و نیوە مووچەیان وەرنەگرتووە، کەمکردنەوەی دەوام لە شوێنە هەستیارەکانیش هەر بۆ ئەوەیە خەرجیی هاتووچۆیان زۆر لەسەر نەکەوێت، ئەگەر پێشتر لە هۆڵێک شەش کەس دەوامی کردبێت، ئێستا کەم کراوەتەوە بۆ سێ کەس."
 
بە گوتەی هاوژین عوسمان، "ئێستا نزیکەی 90%ی دامەزراوە تەندروستییەکانی پارێزگای سلێمانی داخراون، هیچ نەشتەرگەری و کوتانێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی نەماون و بەشی چاودێریی بازاڕ و خۆپاراستن و زۆر بەشی دیکە دەوامیان راگرتووە، لە شارەزوور و دەربەندیخان و قەزاکان کەرتی تەندروستی مەگەر زۆر پێویست بێت، ئەگینا دەوام ناکەن."
 
سەرۆکی لقی سلێمانی - سەندیکای کارمەندانی تەندروستی باس لەوە دەکات، لە سلێمانی 300 کارمەندی تەندروستی نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە، زیاتر لە 300 کارمەندی دیکە خاوەن پێداویستیی تایبەتن، "مەبەستمان لەو مانگرتنە دروستکردنی گوشارە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆئەوەی بە زوویی بەیەکەوە دابنیشن و چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە."
 
هاوژین عوسمان لەبارەی داواکارییەکانیان ئەوەی خستەڕوو، "مانگرتنەکەمان بۆ چارەنووسی مووچەی ئەو دوو مانگ و نیوەیە کە نەدراوە و داواکارییەکەشمان تەنیا ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەڵکو ئاراستەی حکومەتی عێراقیشمان کردووە."
 
سەرۆکی لقی سلێمانی - سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی گرفتی مووچەی کارمەندانی تەندروستی، هۆشداری دەدات، "ئەگەر سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کێشەی مووچە چارەسەر نەکرێت، رێگەی قوورستر دەگرینەبەر و گردبوونەوە دەکەین."
 
هاوژین عوسمان دەشڵێت، "داوامان لە سەرۆکوەزیران و وەزیری تەندروستیی عێراق کردووە بەمنزیکانە دیدارێکمان بۆ رێکبخەن بۆئەوەی لە نزیکەوە گرفتەکانی سێکتەری تەندروستی بخەینەڕوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە