رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی تۆماری زانیارییەکانی نەخۆش گرفتی زۆرینەی هاونیشتمانییانە. پزیشکێک دەڵێت بوونی تۆماری نەخۆش لەبەردەم پزیشکدا هەڵەکردن زۆر کەمدەکاتەوە، تەندروستی سلێمانی کار بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمی تەندروستی شارەکە دەکات، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن تێچووی زۆرە و بەهۆی ئەوەی داتاکان لەسەر فایل تۆمارکراون ئەگەر لە رێگەی کۆمپانیایەک نەبێت لە توانایاندا نییە بیکەنە ئەلکترۆنی.
شێخ ئەحمەد عەبدوڵلا، جەڵتەى دڵ لێیداوە و پوکانەوەى مێشک و چەند نەخۆشییەکی دیکەشی هەیە. زۆر سەردانی نەخۆشخانە دەکات، بەم حاڵەوە هەر جارێک بچێتە نەخۆشخانەی حکومی دەبێت بە وردی هەموو شتێک لەسەرەتاوە بۆ پزیشک باسبکاتەوە.
شێخ ئەحمەد دەڵێت، "بەداخەوە پزیشکەکە تەنیا دەتبینێت و گوێت لێدەگرێت، ئەگەر سکت کون کون بێت لێتناپرسێت هی چییە، لەسەر وەرەقەکە دەرمانەکەت بۆ دەنوسێت و دەڵێت بڕۆ لە دەرەوە بیکڕە."
ئەو گرفتەى شێخ ئەحمەد بە بوونی تۆماری زانیارییەکانی نەخۆش لەبەردەم پزیشکەکەی چارەسەردەبێت، کە گرفتی زۆرینەی هاونیشتمانییانە.
محەممەد عەباس، نەخۆشێکی دیکەیە و دەڵێت: "ئەگەر تۆماری نەخۆش لای پزیشک نەبێت نازانێت چەندەمجارمە دەچمە لای و پێشتر نەخۆشیم هەبووە یان نا، بەڵام بۆ نموونە ئەگەر پشکنینەکانی پێشترمی لەبەردەستیابێت دەزانێت ئەنجامی پشکنینەکانی ئێستام چۆن گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە."
رووداو سەردانی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی کرد کە هەر لە پرسگەوە زانیارییەکانی نەخۆش تۆماردەکەن و دواتر پزیشک زانیارییەکانی دیکە تۆماردەکات و هەرجارێک نەخۆش بچێتەوە هەموو زانیارییەکان لەبەردەستی پزیشکە.
دکتۆر کاردۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەیەکی تایبەتە و دەڵێت: "بوونی تۆماری نەخۆش لەبەردەم پزیشکدا هەڵەکردن زۆر کەمدەکاتەوە، بەنموونە پزیشکێک رەنگە لە رۆژێکدا 30 نەخۆش ببینێت، ئەگەر زانیارییەکانی بەوردی لەبەردەستنەبێت رەنگە توشی گرفت ببێت."
دکتۆر تەها مەحوی، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای پزیشکانی کوردستان باس لەوە دەکات: "لەوانەیە پێشتر نەخۆش دەرمانێکی وەرگرتبێت، کە هۆکاربووە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەک یان هەندێک نیشانەی نەخۆشی لێ دەرکەوتووە، کە نەخۆشەکە بیرینەماوە چی دەرمانێکی خواردووە، ئەو کاتە دەبێت پزیشکەکە دەیان پرسیار کات تاوەکو بیدۆزیتەوە، بەڵام ئەگەر تۆماری نەخۆش لەبەردەستی پزیشکەکە بێت، بەئاسانی دەستنیشانی نەخۆشییەکە دەکات."
تەندروستیی سلێمانی کار بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی تەندروستی شارەکە دەکات، بەڵام بەئەلیکترۆنیکردنی تۆماری نەخۆش تێچووی زۆرە و بەتەنیا پێیان ناکرێت.
هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: "بەتایبەت داتا کۆنەکان بەهۆی ئەوەی لەسەر فایل بووە فەوتاوە یان سووتاوە، داتاکانیش زۆر فراوان، بۆیە ئەگەر لەرێگەی کۆمپانیاوە نەبێت لەتوانایاندا نییە بیکەنە ئەلیکترۆنی."
یەکێک لە بنەماکانی ژێرخانی سیستمی تەندروستی، بوونی تۆماری نەخۆش و پاراستنیەتی، ئەمەش پێویستی بە بودجە و کاتی پێویست و ئیرادەی جێبەجێکردن هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ