بریکاری وەزارەتی تەندروستی: کۆلێرا لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ تووشبوون بە کۆلێرا بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمترە، بەڵام نیشانەکانی تووندترن و پەتاکە لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە.
 
رۆژی هەینی، 15ـی ئەیلوولی 2023 دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان میوانی رووداوی ئەمڕۆ بوو کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی پێشکێشیکرد و رایگەیاند، "زیاترین کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارکراوە". 
 
"ئەمساڵ تووشبوون بە کۆلێرا بەراورد بە پار کەمیکردووە"
 
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەموو ساڵێک لە مانگی حوزەیرانەوە تا کۆتایی مانگی ئەیلوول، نیشانەکانی تووشبوون بە کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان روو لە هەڵکشان دەکەن کە پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو هۆکاری سەرەکییە بۆ تەشەنەکردنی ئەو پەتایە".
 
بە گوتەی رەهێڵ فەرەیدوون، ئەمساڵ تووشبوونی کۆلێرا بەراورد بە پار کەمی کردووە، بەڵام نەخۆشییەکە تووندتر بووە و لە هەموو هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، بەڵام "لە سلێمانی زیاترین تووشبوو تۆمارکراوە".
 
"20٪ـی خەڵکی سلێمانی لە ئاوی فەرمیی حکومەت بێبەشن"
 
ئاوی پیس یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە کۆلێرا. بریکاری وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "ساڵی رابردوو بۆ پشکنینی ئاوی سلێمانی سەردانی سەرچاوەکانی ئاوی ئەو پارێزگایەمان کرد و دەرکەوت نزیکەی 20٪ـی خەڵکی سلێمانی سەرچاوەی ئاوی فەرمی حکومەتیان بۆ ناچێت".
 
ئەو ئاوەی بە فەرمی لەلایەن حکومەتەوە بۆ هاونیشتمانیانی سلێمانی دابین دەکرێت لە دووکانەوە بە دوو هێڵ بۆ شاری سلێمانی دەچێت و وەکو دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون ئاماژەی پێدەدات، "لە دووکان جارێک پشکنین بۆ ئاوەکە دەکرێت و کاتێک دەگاتە تانکەری ناوەندیی سلێمانی کە لە گردی جۆگەیە، جارێکی دیکە فیلتەر دەکرێتەوە و کلۆری تێدەکرێت و دواتر کە دەچێتە گەڕەکەکان، لە تانکەری ناوەندیی گەڕەکەکان پشکنینی بۆ دەکرێتەوە و دواتر لە نێو تەنکی ماڵانیشدا پشکنینی بۆ دەکرێت".
 
چاکسازی لە سیستمی تەندروستی
 
بریکاری وەزارەتی تەندروستی، یاسا بەرکارەکانی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێستا بە شیاو نازانێت و دەڵێت، "لە کابینەکانی پێشووتری حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر گۆڕینی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان کراوە و لەم کابینەیەشدا دوو ساڵە کاری بۆ دەکەین".
 
بە گوتەی رەهێڵ فەرەیدوون، "رەشنووسی یاسای نوێی تەندروستی دوو جار براوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی شوورا، بەڵام لە دوا رێکارەکاندا کە بڕیار بوو ببرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێت، دادگای فیدراڵی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نایاسایی هەژمارکرد".
 
بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "لە یاسا نوێیەکەدا نیازمان هەیە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی دابمەزرێنین بۆ تەندروستی گشتی، لەبەر ئەوەی تەندروستی گشتی بەلامانەوە بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیارە".
 
لەبارەی یاسا بەرکارەکانی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، رەهێڵ فەرەیدوون دووپاتیکردەوە کە "ئەو یاسایانەی بۆ کەرتی تەندروستی دانراون لە رۆژگارێکدا نووسراونەتەوە کە ژمارەی دانیشتووانی کۆمەڵگەکەمان هێندەی ئێستا نەبووە و ئەو رێژە زۆرەش لە خەڵکی باشوور و نێوەڕاستی عێراق لە هەرێمی کوردستان نەبوون؛ هاوکات گرفتی ئابووریش وەکو ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی نەگرتبوو؛ بۆیە ئەو یاسایە بۆ ئێستا لە رووی پراکتیکییەوە گونجاو نییە".
 
گرفتەکانی کەرتی تەندروستی
 
بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە لە ساڵی 2017ەوە لە بەغدا کێشەیان لە دابینکردنی دەرمان و سیانە و ئامێرە پزیشکییەکان بۆ دروستبووە و دەڵێت، "بەتایبەتی دابینکردنی ئامێرە پزیشکییەکان تێچووی زۆری دەوێت کە لە توانای ئێمەدا نییە. بۆ نموونە، لە کۆیە ماوەی هەشت مانگی خایاند تا توانیمان سیانەی ئامێری ئێم ئاڕ ئەی بکەین و لە هەندێک شوێنیش ئامێرەکانمان ئەوەندە کۆن بوون ئەپدەیت وەرناگرن و دەبێ بگۆڕدرێن".
 
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون ئاماژەیدا، "ئەنجوومەنی وەزیران مانگانە شەش ملیار دیناری بۆ تەرخانکردبووین کە نەماندەتوانی پێداویستییەکانی وەکو پێویست پێ دابین بکەین، بەڵام ئێستا ئەو بڕە پارەیە بووەتە حەوت ملیار دینار و مانگانە بڕی پێنج ملیار دیناری لە بانکەکان دادەنرێت و دەستکاری ناکرێت".
 
دامەزراندنی 1200 کارمەندی تەندروستی
 
بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هەزار و 200 کارمەند لە کەرتی تەندروستی دامەزراون یان رەزامەندی بۆ دامەزراندنیان وەرگیراوە، لەکاتێکدا نزیکەی حەوت هەزار کارمەند و پزیشک لەو ماوەیەدا مردوون، خانەنشین بوون یان دەرکراون".
 
رەهێڵ فەرەیدوون گوتی، "ساڵی 2021 نووسراوێکمان دایە ئەنجوومەنی وەزیران و تێیدا روونمان کردەوە کە ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین بوون یان کۆچی دواییان کردووە یان نەماون، زیاتر لە حەوت هەزار کەسن، داوامان کرد ئەو ژمارەیەمان بۆ دابمەزرێننەوە، دواتر جارێکی دیکە نووسراومان کردەوە و تێیدا پێویستی هەنووکەیی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانمان خستەڕوو کە نزیکەی سێ هەزار و 500 کارمەند و 500 پزیشکی ددان و دەرمانساز بوو و ئەو رێژەیەش دانەمەزرێندرا".
 
لەبارەی ژمارەی ئەو کارمەندانەی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون یان گرێبەستی ساڵانەیان بۆ کراوە، بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران 502 کارمەندی خۆبەخشی سەردەمی کۆرۆنای بە گرێبەستی ساڵانە بۆ دامەزراندین؛ 130 کەسمان لە هەڵەبجە و بیارە دامەزراندووە، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتیش 270 کەس بۆ نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دامەزرێنران".
 
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون دەشڵێت، "ئێستا 100 کارمەند رەزامەندییان بۆ وەرگیراوە بۆ نەخۆشخانە ئەڵمانییەکەی قڕگە و 100 کارمەند بۆ نەخۆشخانەی بەحرکە و 100 کارمەند بۆ نەخۆشخانەی دهۆک و 100 کارمەندیش بۆ زاخۆ و بڕیارە 100 کارمەندیش لە کەرتی تەندروستی سۆران دابمەزرێن، لەگەڵ ئەوەش لە هەوڵداین بۆ گەرمیان و رانیەش ژمارەیەک کارمەندی تەندروستی دابمەزرێنین کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو سەرجەمیان دەستبەکار دەبن".
 
لە سلێمانی زیاتر لە 10 هەزار کارمەندی تەندروستی خۆبەخش هەن و لە هەموو هەرێمی کوردستان نزیکەی 23 هەزار کارمەندی خۆبەخش لە کەرتی تەندروستی کار دەکەن. بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەبارەی دامەزراندن یان بەگرێبەستکردنیان گوتی، "لە ئێستادا نەک وەزارەتی تەندروستی، بەڵکو ئەنجوومەنی وەزیرانیش ناتوانێت هیچ بەڵێنێکیان پێ بدات و هۆکارەکەش ئەو دۆخە داراییەیە کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بەڵام لە هەموو دامەزراندنەکانی کردوومانە، کاری خۆبەخشی مەرجی سەرەکی بووە بۆ وەرگرتنیان".