لە ئەفریقا ڤاکسینە نوێیەکانی مەلاریا بۆ منداڵان بەکاردەهێندرێن

رووداو - تەندروستی 

لە گۆڕەپانێکی کۆتدیڤوار هەڵمەتی فراوانی دژ بە مەلاریا رادەگەیەندرێت و منداڵانی خوار پێنج ساڵان ئامانجی سەرەکیی کوتانن دژ بە مەلاریا.
 
ئالیس کانگا، هاووڵاتی دەڵێت: ''ئەمە زۆر گرنگە بۆ منداڵان، بەتایبەت بۆ تەندروستییان، هەر بۆیە ئێمە بەم بەیانییە هاتووینەتە ئێرە بۆ کوتانی منداڵەکانمان''.
 
مەلاریا نەخۆشییەکی مشەخۆرییە و لەڕێگەی جۆرێک مێشوولەی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە، تەنیا لە ساڵی 2022 زیاتر لە 250 ملیۆن تووشبووی مەلاریا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 608 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
رێگەکانی خۆپاراستن لێی بریتین لە 'پۆشینی جلوبەرگی قۆڵدرێژ، بەکارهێنانی دژە مێشوولە، نووستن لە ژێر پەردەکوللە و کوتان بە ڤاکسین'.
 
هەر منداڵێک بە ڤاکسینی یەکەمی مەلاریا دەکوترێت، دووەمین ڤاکسینی مەلاریاش لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پەسندکرا.
 
پێری دێمبا، وەزیری تەندروستیی کۆتدیڤوار دەڵێت: ''ئەم هەڵمەتە بەشداریکردنی حکومەت نیشاندەدات بۆ باشترکردنی تەندروستیی منداڵەکانمان، کە بەنرخترین گەنجینەمانن، ئێمە دەمانەوێت دڵنیایی لە پاراستن و خۆشگوزەرانییان بدەین، چونکە ئەوان ئایندەی وڵاتەکەمانن''.
 
ڤاکسینە نوێیەکەی مەلاریا ئەمساڵ بۆ 15 وڵاتی ئەفریقا بەکاردەهێندرێت؛ 250 هەزار منداڵیش کراونەتە ئامانج، تاوەکو بە تەواوی بنبڕی نەخۆشیی کوشندەی مەلاریا بکرێت.