تەندروستیی ئیسرائیل: 32 کەس بەهۆی نەخۆشیی 'تای رۆژئاوای نیل' گیانیان لەدەستداوە

16-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، بە خێرایی ڤایرۆسێکی کوشندە لە وڵاتەکە بڵاوبووەتەوە و 440 تووشبوو تۆمارکراون و 32 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
تەندروستیی ئیسرائیل روونی دەکاتەوە، 80٪ـی تووشبووەکان نیشانەیان نییە و 20٪ـیان نیشانەکانی وەکو 'تا، سەرئێشە، ئازاری ماسوولکەکان و هەوکردنی پەردەی مێشک'ـیان هەیە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی وڵاتەکە، لە ساڵی 2000 نزیکەی 420 تووشبووی ڤایرۆسی رۆژئاوای نیل تۆمارکراون، بەڵام ئەمساڵ ژمارەی تووشبووان زیاتر لە 440 کەسە.
 
تەنانەت وەزارەتی پاراستنی ژینگەی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، مێشوولەی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لە ناوچەی ئیلات دۆزراوەتەوە.
 
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی ئەمریکی، ناوی ڤایرۆسەکە لەوەوە هاتووە کە بۆ یەکەمجار لە 1937 لە رۆژئاوای نیل دۆزرایەوە؛
 
چۆن دەگوازرێتەوە؟
 
- گازگرتنی مێشوولەی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە
- گواستنەوەی خوێن لە کەسێکی تووشبوو
- وەرگرتنی ئەندامی جەستە لە کەسی تووشبوو
- دایکی تووشبوو بۆ کۆرپەلە لە ماوەی دووگیانی و شیرپێدان
 
چۆن پێشگیری لێدەکرێت؟
 
- خۆپاراستن لە مێشوولە بە 'خەوتن لەژێر پەردەکوللە، بەکارهێنانی سپڕەی دژە مێشوولە و لەبەرکردنی جلوبەرگی قۆڵدرێژ'.
- نەچوونە ئەو شوێنانەی کە نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە.
- هیچ ڤاکسینێک نییە بۆ پێشگیری لێی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە