وەزارەتی تەندروستی: بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سکچوون و رێگەگرتن لە نەخۆشیی کۆلێرا رێکاری تووند دەگرینەبەر


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، رێکاری تووند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی سکچوون و رێگەگرتن لە نەخۆشیی کۆلێرا دەگرنە بەر.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-06-2022، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پلانی خۆی بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی سکچوون و رشانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رێکاری تووند بۆ ئەو مەبەستە دەگرنەبەر.
 
لە نووسراوێکدا کە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیەی ناردووە و، واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە. وەزارەتی تەندروستی پێنج خاڵی خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:
 
یەکەم: پێکهێنانی لیژنەی سەرپەرشتیاری لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ دانانی رێشوێنی پێویست و گونجاو بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەیای سکچوون و رشانەوە.
 
دووەم: هەماهەنگی و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
 
سێیەم: زیادکردن و بەهێزکردنی تیمەکانی تەندروستی و سزادان و داخستنی سەرپێچیکار بە تایبەتی چێشتخانە و کافتریاکان و، ئەو شوێنانەی کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییەیان لێ دەکرێت.
 
چوارەم: خۆئامادەکردن لەڕێگەی هێزی کار، پێداویستیی پزیشکی و دەرمان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لەکاتی سەرهەڵدان و بڵابوونەوەی نەخۆشیی سکچوون و رشانەوە.
 
پێنجەم: بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان لەڕێگەی چڕکردنەوەی چالاکییەکانی هۆبەکانی پتەوکردنی تەندروستی لەڕێگەی کەناڵەکانی میدیا یان سۆشیاڵمیدیا.