پسپۆڕێک: نابێت منداڵ رۆژانە لە دوو کاژێر زیاتر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکاربهێنێت

رووداو - تەندروستی 

پشووی هاوین بۆ پۆلە ناکۆتاکان دەستیپێکردووە و خواستی قوتابیان بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان زیاددەکات، پسپۆڕێکی هەناو و راهێنەری توانا زهنییەکانی مێشک دەڵێت، زۆر بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان هۆکارێکی ئاڵوودەبوونە کە پاشهاتی مەترسیدار بۆ رەفتار و مێشکی منداڵ دروستدەکات.
 
رۆژی سێشەممە 16-5-2023 دکتۆر خاڵس قادر، راهێنەری توانا زهنییەکان لە کاتی بەشداریکردنی لە نوورۆژی رووداودا رایگەیاند، پشووی هاوین بایەخێکی زۆری بۆ منداڵ هەیە، بەڵام پێویستە رێکبخرێت و منداڵان چێژی لێ ببینن، هەروەها دەڵێت: ''پێویستە هەر کارێک منداڵ دەیکات سەلامەت و تەندروست بێت.'' 
 
دکتۆر خاڵس ئاماژەی بەوەدا، سێ بۆ چوار مانگ کاتێکی گرنگە بۆ منداڵ تاوەکو بتوانێت پەرە بە لێهاتووییەکانی بدات و دەشڵێت: ''دایک و باوکان دەبێت بزانن کە ئەو کارەی منداڵەکەیان دەیکات سوودی هەیە یاخود سەلامەتە؟، چونکە مەرج نییە هەر شتێک بۆ منداڵ ئاسوودە بوو واتە سەلامەت و بەسوودە.''
 
سەبارەت بە ماوەی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن منداڵانەوە پسپۆڕەکە گوتی، ماوەی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە تەمەنی نێوان شەش ساڵ تاوەکو 18 ساڵ، نابێت رۆژانە لە دوو کاژێر تێپەڕبکات، چونکە ئەگەر لە دوو کاژێر زیاتربێت، ئەوا یارییە ئەلیکترۆنییەکان کاریگەریی نەرێنییان دەبێت. 
 
هاوکات پسپۆڕەکە کاریگەرییە نەرێنییەکان رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''ئالوودەبوون باوترین کاریگەریی نەرێنییە و رێخۆشکەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ و مێردمنداڵان''، هەروەها دەشڵێت: "دەکرێت ئالوودەبوون ببێتەهۆی گۆشەگیری."
 
لەبارەی  زیانە دەروونییەکانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان گوتی، دەکرێت کاتی خەویان تێکبدات و کوالێتیی خەو کەمبکاتەوە، بەمەش کاریگەریی لەسەر هۆرمۆنی گەشەیان دەبێت و وا دەکات کەم دەربدرێت. 
 
دکتۆر خاڵس قادر رێنوێنیی دایک و باوکان دەکات، بایەخ بە ماوەی پێش خەوتن و دوای لەخەوهەڵسانی منداڵەکانیان بدەن و لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیان دووربخەنەوە. 
 
هەروەها پێشنیاز بۆ دایک و باوکان دەکات، لە سەرەتای پشووی هاویندا لەگەڵ منداڵەکانیان دابنیشن و پلانەکانی پشووەکەیان دابڕێژن، دەشڵێت: ''گرنگە گوێ لە منداڵ بگیرێت بۆ ئەوەی بزانن حەزیان لە چییە و بە پلان بۆیان دابڕێژن، هەروەها پێویستە لە پشووی هاویندا بایەخ بە فێربوونی توانا هونەرییەکان و لێهاتووییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ بدرێت.''