رووداو - تەندروستی
رووداو بۆچوونی هاونیشتمانییانی هەڵەبجەی لەبارەی کێشەکانی شارەکە وەرگرتووە و یەکێک لە بەرکەوتووان دەڵێت: نەخۆشخانەی بەرکەوتەکان داخراوە و بەهۆیەوە چارەسەرەکانمان لاوازن.
هەر یەک لە بەرکەوتووان جۆرە کێشەیەکی جیاوازییان بۆ رووداو باسکردووە و یەکێکیان دەڵێت: دەرمانی پێویستمان دەستناکەوێت، خانمێک لە قسەکانیدا دەڵێت: نرخی دەرمانەکانمان گرانن لە کەرتی تایبەت و ئەگەریش نەیکڕن ئەوا ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
بەڵام هەر یەک لەوانە ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە، ئەوەندەی خەم لە خراپیی دۆخی تەندروستییان دەخۆن، ئەوەندەش خەم لە داخستنی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەخۆن و دەڵێن، داخراوە.
جوانە یەکێکە لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە و دوای 37 ساڵ، هێشتا ناتوانێت بەباشی هەناسەبدات، ئەو دەڵێت: بەهۆی نەبوونی چارەسەر، مانگانە ناچارە لە هەڵەبجەوە بچێتە هەولێر.
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت: 11 ساڵە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تەواو بووە، بەڵام لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە رادەست نەکراو و وەزارەتی تەندروستیش تەواوی ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ