رووداو - تەندروستی
بەبۆنەی یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، دیبەیتێک لەنێو نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە سازکرا؛ نەکردنەوەی نەخۆشخانەکە و نەبوونی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ بەرکەوتووان قسەی هەریەک لە میوانەکان بوو.
لەنێو دیبەیتەکە بەرپرسانی کارگێڕی و پسپۆڕانی جەستەیی و دەروونیی بەرکەوتووان و نوێنەری سەرجەمیان ئامادەبوو، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت، ''نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بە خێرخوازیی بەڕێوەدەچێت و بودجەمان نییە بۆ خزمەتکردنیان''.
''808 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان هەن''
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، ئێستا 808 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لە ژیاندا ماون و 164 کەسیان بە کاریگەریی چەکەکە گیانیان لەدەستداوە کە تۆمارکرابوون لە کۆمەڵەکە''.
لوقمان عەبدولقادر دەڵێت: هەر کەسێک رێژەی بەرکەوتەکەی 20٪ زیاتر بێت، ئەوا بەردەوام پێویستی بە چارەسەر دەبێت، تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە دەبێت بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بە فیلتەری جیدی و میکانیزم جیابکرێنەوە و رێژەی بەرکەوتنەکانیان پۆلێنبکرێت تاوەکو باشتر کاریان لەسەر بکرێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە گوتی، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە کارەکانی قوربانییان بە سستی بەڕێوەدەچن و هیوای وایە لە حکومەتی نوێدا ئاوڕێکی جیدی لە کێشە سەرەکییەکانیان بدرێتەوە.
بە گوتەی لوقمان عەبدولقادر، هەر بەرکەوتوویەک رێژەکەی کەمترە لە 60٪، ئەوا مانگانە 250 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام ئەوانەی رێژەکەیان سەروو 60٪ـە، ئەوا مانگانە 400 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
ئەوەشی نەشاردەوە، هەندێک کەس وەکو بەرکەوتە تۆمارکراون کە شایستە نین و هەر ئەوەش بووە بە رێخۆشکەر بۆ زۆریی پڕکردنەوەی فایلی ناوتۆمارکردن.
''نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بە خێرخوازیی بەڕێوەدەچێت''
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ئاشکرای دەکات، نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە بە هاوکاریی رێکخراوە بیانییەکان بەڕێوەدەچێت و هاوکارییان لە وڵاتانی 'هیندستان، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئێران و چیک' وەرگرتووە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی.
د. ئازاد مستەفا دەڵێت، ''دەبوایە لە ساڵی 2014ـەوە نەخۆشخانەکە کە لەلایەن کۆمپانیایەک سەرپەرشتیی دروستکردن و دابینکردنی بۆ کرا، رادەستبکرایە بەڵام دوای 11 ساڵ هەر بە داخراوەیی ماوەتەوە و بە فەرمی نەکراوەتەوە''.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگاکە، بودجەی پێویستیان نییە بۆ خزمەتکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، هاوکات دەڵێت: ''پزیشکی چاو لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی نییە و داوادەکەم بۆمان دابینبکرێت''.
''بەرکەوتوو هەبووە بەهۆی نەبوونی ئامێرەوە نزیک بووە گیانلەدەستبدات''
پسپۆڕێکی هەناو لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دەریدەخات، پێویستە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بە تیم چارەسەر بکرێن و سوودیش لە پسپۆڕانی ئێران وەربگیرێت.
سەرەڕای چەندان پسپۆڕی بەتوانا لە هەرێمی کوردستان بەڵام د. رێبوار فەرەج، پسپۆڕی هەناو لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی رایدەگەیێنێت، ئێستاش بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی پێویستیان بە چوونە ئێران هەیە بۆ چارەسەر، چونکە ئەوان ئەزموونیان زۆرە.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت: هەرچەندە تائێستا سیستمی تەندروستی لەڕووی داتا و ئامارەوە لاوازە بەتایبەت بۆ هۆکاری مردنەکان، بەڵام دەشێت تووشبووان بەجۆرێک ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە کە نزیک ببنەوە لە مردن یاخود تووشی ئەو لێکەوتانە بن کە لە مردن نزیکیان بکاتەوە.
''تووشبووانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی زۆر لە نەخۆشییە دەروونییەکانیان تووشدەبێت''
محەممەد وەلی، دەروونناس بەشداربووی دیبەیتەکەیە و ئاماژە بە گرفتە دەروونییەکان دەدات؛ ''بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کاریگەرن بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان کە باوترینیان گوشاری دەروونییە''.
محەممەد وەلی گوتی، بیرکەوتنەوەی کارەساتەکە و خەوی ناخۆش دەشێت باو بێت لەنێو ئەو چینەدا و لەگەڵ کێشە جەستەییەکانیان، کێشەی دەروونییشیان بۆ دروستدەبێت.
ئاماژە بەوەشدەکات، بەرکەوتووان بەهۆی ناڕێکییە جەستەییەکانیان و بەکارهێنانی بەردەوامی دەرمانەکان دەشێت کەمیی سۆز و زوو تووڕەبوونیان بۆ دروست ببێت، هەر بۆیە بۆ ماڵباتەکانیان پێشنیازدەکات کە مامەڵەی دروستیان لەگەڵدا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ