رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، گرفتی شوێن گەورەترین گرفتە لە نەخۆشخانەی هیوا و داوادەکات کاری جیدی بۆ فراوانکردنی نەخۆشخانەکە بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-2-2025 د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە رووداوی راگەیاند، ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە لە زیادبوونە و رێگەیەکی پێشگیریش لەم زیادبوونە، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و کردنەوەی سەنتەرەکانی پشکنینی پێشوەختەیە.
د. یاد دەڵێت، یەکێک لە گرنگترین رێگەکانی پێشگیریکردن لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە بایەخدانە بە دروستکردنی سەنتەرەکانی پشکنینی پێشوەختە.
ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە لە باشووری کوردستان دەریدەخەن، لە ساڵی رابردوودا 10 هەزار و 872 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون کە ژمارەکە بەراورد بە 2023 زیاترە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو؛ لە باشووری کوردستان لە ساڵی 2024 دا تێکڕا لە یەک رۆژدا 29.7 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە ساڵی 2023 رۆژانە 27 تووشبوو بووە؛ زۆرترینی تووشبووانی ئەم ساڵیش لە نەخۆشخانەی هیوا بوون.
ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە لە باشووری کوردستان لە ساڵانی 2023 و 2024
هەولێر
لە ساڵی 2023دا 5456 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 4983 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
سلێمانی
لە ساڵی 2023دا 2796 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 3310 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
دهۆک
لە ساڵی 2023دا 1250 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 1303 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
کەرکووک
لە ساڵی 2023دا 1116تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 1276 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ