بەڕێوەبەری سەنتەری ژینی شێرپەنجە: 570 منداڵی تووشبووی شێرپەنجە لە دهۆک تۆمارکراون

16-02-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سەنتەری ژینی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی منداڵان لە دهۆک دەڵێت، لە سنووری پارێزگاکەدا ساڵانە 50-70 منداڵ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبن. دەشڵێت، زۆربەی ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشییەکە دەبن، شێرپەنجەی خوێنیان هەیە و هەموو تەمەنێکیان تێدایە لە خوار ساڵێکەوە تاوەکو دەگاتە 15 ساڵ.
 
د. حەسەن عەبدوڵڵا ئەسوەد، بەڕێوەبەری سەنتەری ژینی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی منداڵان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، تائێستا 570 منداڵی تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجە لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراون، تەنیا ساڵی 2022 لە دهۆک 60 نەخۆش تۆمارکراون کە 41 کوڕ و 19 کچ بوون. 
 
ئەو بەڕێوەبەرەی سەنتەری ژینی شێرپەنجە لەبارەی تەمەنی ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشییەکە دەبن گوتی: "ئەو کەسانەی لای ئێمە تۆماردەکرێن و تووشی شێرپەنجە دەبن، تەمەنیان لەنێوان کەمتر لە سالێک تاوەکو 15 ساڵییە".
 
لەبارەی ئەو جۆرە شێرپەنجەیەی کە لەنێو منداڵان بڵاوە؛ بەڕێوەبەری سەنتەری ژینی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت، "زۆرترین نەخۆشەکان جۆری لۆکیمیان واتە شێرپەنجەی خوێن، هەروەها شێرپەنجەی گرێ لیمفاوییەکان و ئێسک و غودە و میشکیش هەن. ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی خوێن بوونە دەبێت 28 رۆژ لە نەخۆشخانە بمێننەوە بۆ چارەسەر وەرگرتن".
 
د. حەسەن عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد کە لە پارێزگای دهۆک هەندێک پشکنینی شێرپەنجە هەن دەستناکەون و دەڵێت، "دوو ئامێری سەرەکیمان نین، رادیۆ سیراپی کە لە کاتی وەرگرتی دەرمانی کیمیایی هەندێکجار نەخۆش پێویستی بەو ئامێرە دەبێت، هەروەها پیت سکان کە سکانی هەموو لەشە ئەوەش لە دهۆک نییە، هەرچەندە زۆرجار پێویستمان پێیەتی و تەنیا لە هەولێر و سلێمانی هەیە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە