لە دەرەوەی چین زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەسەر کەشتییەکن


رووداو - هەولێر

70 تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئەو کەشتییەی کە لە بەندەرێکی ژاپۆن لەنگەری گرتووە، تۆمارکران؛ بەمەش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لەسەر کەشتییەکە گەیشتووەتە 355 کەس، سێ وڵاتیش رایانگەیاندووە کە هاووڵاتییەکانیان بە فڕۆکە دەبەنەوە وڵاتەکانیان.
 
کەشتییەکە ناوی "شازادە دایەمۆند"ە و سەرنشینەکانی لە چەند وڵاتێکی جیهانەوەن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ژاپۆن رۆژی شەممە 15ی شووباتی 2020 رایگەیاند، نزیکەی 400 هاووڵاتیی ئەمریکی دەگێڕنەوە بۆ ئەمریکا کە لەسەر کەشتییەکە بوون.
 
نزیکەی 330 سەرنشینی کەشتییەکە سەر بە هەرێمی هۆنگ کۆنگ بوون و ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، فڕۆکەیەک دەنێرێت بۆ گێڕانەوەی هاووڵاتییەکانی، هاوکات ژمارەیەک هاووڵاتیی کەنەدییش لەسەر کەشتییەکە بوون و حکومەتی ئەو وڵاتەش فڕۆکەیەک بۆ گەڕاندنەوەیان دەنێرێت.
 
حکومەتی کەنەدا رایگەیاندووە، دوای گەیشتنەوەی هاووڵاتییەکانی بە وڵاتەکە، بۆ ماوەی 14 رۆژ لەژێر چاودێریدا دەبن و دواتر ئەگەر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووبن، رێگەیان پێدەدرێت بچنەوە نێو کۆمەڵگە.
 
سەرەتای ئەم مانگە کەشتیی شازادە دایەمۆند لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی ژاپۆنەوە لە کەشتییەکانی دیکە جیاکرایەوە کە زیاتر لە سێ هەزار سەرنشینی هەڵگرتبوو، ئەمەش دوای ئەوەی گومانی ئەوەی لێکرا سەرنشینەکانی سەر کەشتییەکە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.
 
لە دەرەوەی چین، زۆرترین ژمارەی تووشبووان ئێستا لەسەر کەشتیی شازادە دایەمۆندن کە کەشتییەکی بەریتانیایە و لەلایەن کۆمپانیای پرێنسس کروزەرسەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئێستا بە کۆڤید 19ش ناسراوە، تاوەکو ئێستا هەزار و 670 کەسی کوشتووە و زیاتر لە 69 هەزاریش تووشی بوون، هاوکات زیاتر لە حەوت هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.