توێژینەوەیەکی نوێ: زۆر خواردنی هۆتدۆگ توانای مێشک لاوازدەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی نەخۆشخانەی بریگهام و خانمان لە بۆستن ئاشکرای کردووە، خواردنی گۆشتی سووری ئامادەکراو دەبێتەهۆی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە و لاوازبوونی توانای بیرکردنەوە.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە گۆشتی ئامادەکراو وەک سۆسیج، هۆتدۆگ و بەیکن، مەترسی لاوازبوونی بیرکردنەوە و لەبیرچوونەوە زیاددەکات.
یوهان لی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "لە ماوەی 34 ساڵدا چاودێری زیاتر لە 133 هەزار کەسیان کردووە. ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی رۆژانە نزیکەی 450 گرام یان زیاتر گۆشتی ئامادەکراو دەخۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە لاوازبوونی توانای مێشک 13٪ زیاترە."
لە توێژینەوەکەدا توێژەران ئاماژە بە چەند خۆراکێک دەکەن کە مەترسی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەمدەکەنەوە ئەگەر لەجێگەی گۆشتی ئامادەکراو بەکاربێن و بخورێن، ئەوانیش؛ ماسی بە رێژەی 28٪، گوێز و دانەوێڵە بە رێژەی 19٪، مریشک بە رێژەی 16٪.
مۆنیک ریچارد، پسپۆڕی خۆراک باس لە چەند بەدیلێکی تەندروست دەکات و دەڵێت: "دەتوانین گۆشتی ئامادەکراو بگۆڕین بە پاقلەمەنی، گوێز، تۆو، سۆیا و ماسیی چەور وەک سالمۆن و ساردین."