بەتەمەنترین یاریزانی جومناستیکیی جیهان: روخسارم پیرە، بەڵام دڵم گەنجە
رووداو - تەندروستی
زۆرجار گوێمان لێدەبێت دەگوترێت، ''تەمەن تەنیا ژمارەیە''، ئەمە بۆ ئەو خانمە تەمەن 99 ساڵانە 100٪ راستە کە هێشتا وەرزشی جومناستیکی دەکات.
یۆهانا کواسی ئەڵمانی، بەتەمەنترین وەرزشکاری جومناستیکییە لە جیهاندا، لە ساڵی 1925 لە دایکبووە و لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە خەریکی وەرزشی جومناستیکییە، ناوی لە کتێبینی گینسدا لە 2012 تۆمارکراوە کە ئەوکات تەمەنی 86 ساڵ بووە.
ئەو خانمە نهێنیی لێهاتووییەکەی بۆ ژەمی خۆراکی و راهێنانەکانی دەگەڕێنێتەوە و دەریدەخات، رێژیمی رووەکی پەیڕەوکردووە و رۆژانەش ئاوی پێویستی خواردووەتەوە، دوور بووە لە خۆراکە خێراکان، هەموو شەوێکیش 8 کاژێر خەوی رێکی هەبووە.
تەنانەت ئەوەش ئاشکرادەکات کە رۆژانە کاژێرێک وەرزش دەکات و بایەخی زۆریش بە مەلەکردن، سەماکردن و بەپێ رۆیشتن دەدات.
خانمە 99 ساڵانەکە دەڵێت، ''روخسارم پیرە، بەڵام دڵم گەنجە''، دەشڵێت: ''رۆژی وازهێنانم لە جومناستیکی رەنگە ئەو رۆژە بێت کە دەمرم''.
{خۆراکە رووەکییەکان رێژەیەکی زۆری ریشاڵ و بڕێکی کەم کالۆرییان تێدایە پاشانیش دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەکان؛ ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی، جەڵتە، هەوکردن، نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، شەکرە و شێرپەنجە کەمدەکەنەوە}.