رووداو - تەندروستی
بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بایکۆتی کارمەندانی تەندروستی بە تایبەت لە سنووری سلێمانی فراوان دەبێت و سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی کارگێڕانی تەندروستی دەڵێت: بایکۆت خواستی کارمەندانی تەندروستی نییە، بەڵام بێ مووچەیی ناچاری کردووین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-12-2024 بڕیار ئازاد، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی کارگێڕانی تەندروستی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال بە رووداوی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە لە سەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی جگە لە شوێنە هەستیارەکانی وەکو فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان، لە سنووری سلێمانی بایکۆتی کارە.
بڕیار ئازاد دەڵێت: "بایکۆت لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات، مۆڵەتی 10 رۆژمان داوە و ئەگەر مووچە خەرجنەکرا و چارەنووسی مووچەی مانگی 12 دیاری نەکرا، قۆناخی سێیەم دەستپێدەکەین و هەنگاوی دیکە دەگرینە بەر".
ئاماژە بە کاریگەرییەکانی بایکۆت لەسەر نەخۆشەکان و خەڵک دەکات، بەجۆرێک باری دارایی خەڵک خراپە و ئەوانەشی کە روو لە بنکە و سەنتەرەکانی تەندروستی دەکەن زۆرینەیان هەژارانن، بۆیە ناچارن بچنە شوێنە تایبەتەکان و خەرجییەکی زۆریان هەبێت.
گوتیشی، بایکۆتەکە سلێمانی، هەڵەبجە، راپەرین و گەرمیانیش دەگرێتەوە، بەڵام لە هەولێر و دهۆک رێکخراو و سەندیکاکان هیچ هەڵوێستیان نییە بۆ بایکۆت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ