خانمان لە پیاوان زیاتر تووشی پاشهاتە مەترسیدارەکانی جەڵتەی دڵ دەبن

15-12-2020
هونەر رێبوار
A+ A-


رووداو- هەولێر 

دەستەی پزیشكانی ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ رایدەگەیێنێت خانمان لە پیاوان زیاتر تووشی پاشهات و دەرهاوێشتە مەترسیدارەکانی نەخۆشیی جەڵتەی دڵ دەبن. 

پزیشكان لە توێژینەوە نوێیەکە کە بەدواداچوونیان بۆ زیاتر لە 45 هەزار نەخۆش کردووە کە تووشبووی جەڵتەی دڵ بوون، بۆیان دەرکەوتووە خانمان زۆرتر تووشی دەرهاوێشتە مەترسیدارەکانی دوای نەخۆشییەکە دەبن بە بەراورد بە پیاوان، بەجۆرێك رێژەی سستبوونی دڵ و مردنیان 20٪ لە پیاوان زیاترە.  

د. میکایل گۆیفمان، سەرپەرشتیاری بەشی نەخۆشییەکانی دڵ ئەمریکا کە خۆی پسپۆڕی دڵە دەڵێت مەترسییەکانی تووشبوون بە سستبوون دڵ بریتین لە بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە و چەندین گرفتی دیکە، خانمان زۆرتر تووشی ئەو گرفتانە دەبن و لەکاتی تووشبوونیش بە جەڵتەی دڵ، مەترسیی سستبوونی دڵیان زیاتر دەبێت. 

لە توێژینەوەکەدا توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە خانمان کەمتر بایەخ بە بەدواداچوونە پزیشكییەکان بۆ نەخۆشییەکانی دڵ دەدەن، چونکە لەو بەشداربووانەی لە توێژینەوەکەدا بوون، 84٪ی پیاوان و 72.8٪ی خانمان سەردانی پزیشكی دڵیان کردووە. 

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت باشترین رێنمایی بۆ خانمان و بۆ پیاوانیش ئەوەیە، بۆ ئەوەی دووربن لە پاشهاتەکان و دەرهاوێشتە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکانی دڵ، دەبێت بە وردی لەگەڵ پزیشكەکەیان لەسەر هێڵ و بن و بەپێی رێنماییەکان سەردانی بەردەوامی پزیشكی دڵ بکەن بەتایبەت لەدوای تووشبوون بە جەڵتەی دڵ. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە