رووداو دیجیتاڵ
گۆڤاری لانسێت نوێترین توێژینەوەی سەبارەت بە نەخۆشیی شەکرە بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، لە جیهاندا 800 ملیۆن کەسی پێگەیشتوو شەکرەیان هەیە و لە 30 ساڵی رابردوودا تووشبوون بە نەخۆشییەکە دوو هێندە زیادبووە.
گۆڤاری لانسێت نوێترین توێژینەوەی مەجید عیززەت، توێژەر لە زانکۆی شاهانەی بەریتانیا سەبارەت بە تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بڵاوکردەوە.
نەخۆشی شەکرە دوو جۆرە، جۆری یەکەم لە منداڵاندا زیاتر دەردەکەوێت. جۆری دووەم لەدوای تەمەنی پێگەیشتنەوە بەهۆی قەڵەوی، خواردنی خراپ و چەندین هۆکاری دیکە دەردەکەوێت.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، لە 30 ساڵی رابردوودا تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە جیهاندا دوو هێندە بووە، زۆرترین زیادبوون لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بووە.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، ساڵی 1990، 7٪ی کەسانی پێگەیشتوو لە جیهاندا شەکرەیان هەبوو، بەڵام ئێستا 14٪ە. ئەو کات 200 ملیۆن کەس بوون، بەڵام ئێستا 800 ملیۆنە. ئەمە هەردوو جۆری شەکرە لەخۆدەگرێت.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە لە وڵاتانی ژاپۆن، کەنەدا، فەرەنسا و دانیمارک کەمبووەتەوە، بەڵام لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بەردەوام بووە لە بەرزبوونەوە، لەوانە پاکستان. بە گوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، ساڵی 1990 لەو وڵاتە لە 10 ژن یەکێکیان شەکرەی هەبوو، بەڵام ئێستا لە هەر سێ ژنێک، یەکێکیان شەکرەی هەیە.
نەبوونی چارەسەری پێویست یەکێکە لە گەورەترین ئەو کێشانەی رووبەڕووی تووشبووانی شەکرە بووەتەوە. توێژینەوەکە نیشانی دەدات، نزیکەی 445 ملیۆن تووشبوو چارەسەری پێویستیان دەستناکەوێت، یەک لەسەر سێیان لە هیندستانن. تەنیا 5٪ بۆ 10٪ی تووشبووان لە نێوەڕاست و باشووری ئەفریقا چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
بەشێکی توێژینەوەکە تایبەت بووە بە کاریگەریی شەکرە لەسەر تووشبووان. مردنی لەناکاو، لەدەستدانی بینین، لە کارکەوتنی گورچیلەکان، نەخۆشییەکانی دڵ و کەمئەندامبوون دیارترین کاریگەری بووە لەسەر تووشبووان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ