وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رێژەی پشکەکانی پزیشکی نەشتەرگەری بۆ 50% لە تێچووی نەشتەرگەری کەمدەکاتەوە

15-11-2022
شکار رێبوار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

 

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی تایبەت بە رێکخستنەوەی نرخ، رێژە و شایستەکان لە نەخۆشخانە و نێوەندەکانی کەرتی تایبەت دەردەکات، پشکەکانی پزیشك لە تێچووی نەشتەرگەری کەمدەکاتەوە.
 
بەپێی رێنماییە نوێیەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، شایستەی دارایی پزیشکی نەشتەرگەری، پزیشکی سڕکار و سەرجەم خەرجییەکانی سەردانکردن بۆ نەخۆش لەپێش و لەدوای نەشتەرگەری کەمدەکرێنەوە، هەروەها لەدوای دەرچوونی نەخۆش سەردانکردنەوە بۆلای پزیشکی نەشتەرگەری بۆماوەی هەفتەیەک بێبەرامبەر دەبێت. 
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەی کوالێتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەکان، لەمەودوا نرخ، رێژە و شایستە داراییەکان لە نەخۆشخانە و نێوەندەکانی کەرتی تایبەت سەبارەت بە تێچووی پاکێجی نەشتەرگەریی گشتی بەمشێوەیە دەبێت و نابێت هیچ جۆرێکی دیکەی رێکەوتن بکرێت: 
 
1- شایستەی پزیشکی نەشتەرگەری زیاتر نەبێت لە 50%ـی تێچووی گشتی نەشتەرگەرییەکە.
 
2- شایستەی پزیشکی سڕکار لەکاتی سڕکردنی گشتی نابێت کەمتر بێت لە 10% و بۆ سڕکردنی هەرێمی کەمتر نەبێت لە 5%ـی تێچووی گشتیی نەشتەرگەرییەکە. 
 
3- رێژەی ماوە لە تێچووی گشتی لە بەرژەوەندی نەخۆش خەرجدەکرێت، بەجۆرێک بۆ تێچووەکانی نەخۆشخانە، مانەوە، خواردن، دەرمان و پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری هۆڵی نەشتەرگەری و بیهۆشکاری بەکاردێت، هەروەها نابێت هیج خەرجییەکی دیکە لە نەخۆش وەربگیرێت.
 
لە درێژەی رێنماییەکەدا هاتووە کە نابێت هیچ بڕە پارەیەک لە دەرەوەی ژمێریاری نەخۆشخانە لە نەخۆش وەربگیرێت، هەروەها دانانی میلاک بۆ هەریەک لە نەخۆشخانەکان بەجۆرێک هەر پزیشکێکی نەشتەرگەری و سڕکەر تەنیا لە یەک نەخۆشخانە یاخود نێوەندی پزیشکی دەتوانێت کاربکات.
 
سەبارەت بە نەخۆشخانە تایبەتەکان وەزارەتی تەندروستی روونیدەکاتەوە، سەرجەم خەرجییەکانی خۆیان دەبێت لەلایەن نەخۆشخانە تایبەتەکانەوە بدرێت وەکو 'کارەبا، گاز، مووچەی کارمەندان و پزیشکانی خولاو و دێرین، مووچەی کارمەندان و فەرمانبەران و کارگێڕی، هەروەها خەرجی دابینکردنی ئامێرە پزیشکییەکانی نەشتەرگەری'.
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، خۆیان لیستی نرخ و شایستەکان دیاریدەکەن، بەگوێرەی پێویستی و کات نرخەکان نوێ دەکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.