رووداو هەولێر
نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رۆژانە سەتان منداڵی نەخۆش سەردانی دەکەن؛ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، "لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا کێشەکان چارەسەر نەکرێن، رووبەڕووی نەمانی دەرمان دەبینەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە 15-11-2021 دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو، مانەوەی منداڵ (داخلبوون) لە نەخۆشخانەکەیان کەمی کردووە بەجۆرێک پێشتر رۆژانە 100 بۆ 120 منداڵ دەخەوێندران، ئێستا کەمیکردووە بۆ 85 منداڵ.
دکتۆر پشدەر گوتیشی، هۆکارێکی دابەزینی ژمارەکە کە "هێشتاش هەر زۆرە" ئەوەیە کە بەرگریی لەش دروستبووە.
نەخۆشخانەی منداڵان بەو پێیەی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانە و مانەوەی نەخۆش تێیدا بێ بەرامبەرە، هاووڵاتییەکی زۆر لە شاری سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکەوە سەردانی دەکەن. دکتۆر پشدەر دەڵێت، رۆژانە تێکڕا نزیکەی 700 منداڵی نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن، بەڵام هەفتەکانی رابردوو رۆژانە سەردان دەگەیشتە نزیکەی 900 منداڵ.
نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دوای نۆژەنکردنەوەی لە ساڵی رابردوودا، شوێنی مانەوەی 300 منداڵی هەیە.
رۆژی یەکشەممە 14-11-2021 دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆمپانیاکان نزیکەی 10 ملیار دینار شایستەی داراییان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەگەر نەیاندرێتەوە دەرمان نانێرین و ئەوەشی هەیە دەیبەنەوە.
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت، ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەبێت "زۆرترین کاریگەری لەسەر ئێمە دەبێت و دەرمانمان نامێنێت".
هەر رۆژی یەکشەممە دکتۆر دانا حەمە باقی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دڵ لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "خۆتان دەزانن نەخۆشیی دڵ هۆکارێکە بۆ مردن، بەتایبەت جەڵتە کە ئەگەر بە زوویی کارێکی بۆ نەخۆش نەکرێت ئەوا دەمرێت؛ ئەگەر بەم شێوەیە دەرمان لە نەخۆشخانەکەمان هەبێت، تاوەکو یەک دوو هەفتەی دیکە ناتوانین ئەو حاڵەتانەیش چارەسەر بکەین".
بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، تەندروستیی سلێمانی مانگانە پێویستی بە ملیارێک و 800 ملیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ