وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا: هەڕەشەی زۆر لەسەر تەندروستی هەیە و پێویستە ئامادەکاری بکەین

رووداو - تەندروستی 

وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا لە لووتکەی تەندروستیی جیهانی جەخت لە ئامادەکاری بۆ پەتای داهاتوو دەکات و دەڵێت: لە هەموو کاتێک زیاتر پێوستمان بە ئامادەکارییە.
 
لە لووتکەی تەندروستیی جیهانی کە لە بەرلین کرا، کارل لۆتەباخ، وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا رایگەیاند، هەڕەشەی زۆرمان لەبەردەمە بۆ پەتای داهاتوو، هەر بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە تەندروستیی وڵاتان لە هەوڵدابن بۆ ئامادەکاری و رووبەڕووبوونەوەی هەر پەتایەکی داهاتوو.
 
کارل لۆتەباخ، وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا گوتی، بایەخدان بە تەندروستیی گشتی هەمیشە گرنگیەتی هەیە بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانی تاک و پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانی پەتای داهاتوو.
 
یەکێک لە پەیامە سەرەکییەکانی لووتکەی ئەمساڵ، زیادکردنی ئاستی متمانەیە بۆ کەرتی تەندروستی و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتی بە هەموو جیهاندا.
 
هەر بۆیە د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە لوتکەی تەندروستیی جیهانیدا لەبەردەم هەزاران کەس و سەتان سەرکردەی تەندروستی و سیاسیی وڵاتانی جیهان گوتی، جەنگ جگە لە وێرانکاری، هیچ شتێکی دیکە بە دوای خۆیدا ناهێنێت و پێویستمان بە جیهانێکی ئاشتیانەترە.
 
لە ئەڵمانیا لووتکەی تەندروستیی جیهانی بەڕێوەدەچێت و رێنوێنییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە کەرتی تەندروستیدا دوو لە مژارە سەرەکییەکانی لووتکەکەن؛ تیمێکی لووتکەی تەندروستیی کوردستانیش ئامادەدەبن.
 
لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانی زیاتر لە 10 هەزار کەس لە رێگەی ئۆنلاین و سێ هەزار کەسیش بەشێوەی راستەوخۆ لە بەرلین بەشداردەبن، هەروەها 350 قسەکەر و 100 وڵاتی جیاوازیشی تێدادەبێت، هاوکات لووتکەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە 13 تاوەکو 15ـی تشرینی یەکەم بەردەوامدەبێت و پانێڵە جیهانییەکان پێشکێشدەکرێن.