پسپۆڕێک هۆکار و چارەسەرەکانی 'پچڕانی بەستەری ئەژنۆ' ئاشکرادەکات

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک، شکان و جومگە رایدەگەیێنێت، قەڵەوی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پچڕانی بەستەری ئەژنۆ و هەر کیلۆگرامێکی زیاد، پێنج کیلۆگرام پەستان دەخاتە سەر ئەژنۆکە.
 
د. هونەر محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک، شکان و جومگە بە رووداوی راگەیاند، لەکاتی بوونی تەقینی کڕکڕاگەی ئەژنۆ پێویستە بە زووترین کات نەشتەرگەری بکرێت و جیاوازە لە پچڕانی بەستەری ئەژنۆ، چونکە کاریگەریی لاوەکیی زیاتری دەبێت.
 
بەپێی د. هونەر محەممەد، کەمیی ڤیتامین D و مادەی ئاسن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پچڕانی بەستەری ئەژنۆ نییە.
 
دەقی وەڵامەکانی د. هونەر محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک، شکان و جومگە لەبارەی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ؛
 
رووداو: کێن ئەوانەی مەترسیی پچڕانی بەستەری ئەژنۆیان زۆرە؟
 
د. هونەر محەممەد: کێشەکە لەو کەسانە بڵاوە کە وەرزشی بەهێزکردنی ماسوولکەکانی دەوروبەری ئەژنۆکان ناکەن و بەبێ خۆگەرمکردنەوە وەرزش دەکەن، یاخود ئەوانەن کە زیاد لە توانایان پەستان دەخەنە سەر خۆیان لەکاتی وەرزش.
 
رووداو: نیشانەکانی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ چین، هەروەها لەگەڵ تەقینی کڕکڕاگە چ جیاوازییەکیان هەیە؟
 
د. هونەر محەممەد: نیشانەکانی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی ئەمانە خوارەوە بن؛
 
- هەستکردن بە کرتەیەکی دەنگبەرز.
- لەماوەی چەند کاژێرێک بە تەواوی ئەژنۆی دەئاوسێت بەهۆی خوێنبەربوون لە بەستەرەکەوە.
- لەدوای زیاتر لە مانگێک ئاوسان و ئازارەکەی نامێنێت، بەڵام جومگەکە بە ناجێگیری دەمێنێتەوە، ئەگەر کەسەکە بگەڕێتەوە نێو یاریگە هەمان حاڵەت دووبارەدەبێتەوە و بەوهۆیەشەوە زەبرەکە دەچێتە سەر کڕکڕاگەی هیلالی.
 
بەڵام نیشانەکانی تەقینی کڕکڕاگەی ئەژنۆ دەشێت ئەمانە بن؛
 
- ئازار و کرتەکرت لەکاتی نوشتانەوەی ئەژنۆ.
- درەنگئاوسانی ئەژنۆ، بەجۆرێک لەدوای تەقینی کڕکڕاگەکەوە دەستپێدەکات.
- لەکارکەوتنی جومگە.
 
رووداو: چارەسەرەکانی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ چین؟
 
د. هونەر محەممەد: بەستەری ئەژنۆ دوای پچڕان بە هیچ شێوەیەک یەکناگرێتەوە، جۆری چارەسەرەکەش دەکەوێت سەر کەسەکە بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک وەرزشڤان بێت و خوار 40 ساڵان بێت ئەوا پێویستە نەشتەرگەری بۆ بکرێت، ئەگەریش کەسێک سەروو 50 ساڵان بێت و چالاکیی ئاسایی رۆژانەی هەبێت، ئەوا نەشتەرگەری پێویست نییە، بەمەرجێک کە کڕکڕاگەی هیلالی سەلامەت بێت.
 
هەروەها لەکاتی بوونی تەقینی کڕکڕاگەی ئەژنۆ پێویستە بە زووترین کات نەشتەرگەری بکرێت و جیاوازە لە پچڕانی بەستەری ئەژنۆ، چونکە کاریگەریی لاوەکیی زیاتری دەبێت.
 
رووداو: چی بکرێت بۆ پێشگیریکردن لە پچڕانی بەستەری ئەژنۆ؟ 
 
د. هونەر محەممەد: نابێت وەرزشی قورس بکرێت کە زیاد لە توانای کەسەکە بێت و پێویستە ماسوولکەکانی دەوروبەری ئەژنۆ بەهێزبکرێن، هەروەها پێویستە لەکاتی نیشانەکانی پچڕانی بەستەرەکە، نەشتەرگەری بکرێت، بۆ ئەوەی زیان بە کڕکڕاگە نەگەیێنێت و نەخۆشییەکە ئاڵۆزتر نەبێت. تەنانەت راکردن بە هێواشی بەستەرەکە بەهێزدەکات و پاڵپشتیدەکات.
 
رووداو: ئەوانەی نەشتەرگەریی چاکبوونەوەی پچڕانی بەستەری ئەژنۆیان بۆ دەکرێت، دوای نەشتەرگەرییەکە چی بکەن؟
 
د. هونەر محەممەد: چارەخوازەکە پێویستە چارەسەری سرووشتی بکات کە نزیکەی دوو مانگ دەخایێنێت، تاوەکو تەندروستی و فەرمانی جومگە چارەکراوەکەی ئاسایی ببێتەوە.
 
رووداو: ئەگەر کەسێک ڤیتامین D و ئاسنی کەم بێت، کاریگەریی دەبێت لەسەر پچڕانی بەستەری ئەژنۆ؟
 
د. هونەر محەممەد: نەخێر هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کێشەکە نییە.
 
رووداو: قەڵەوی چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر پچڕانی بەستەری ئەژنۆ؟
 
د. هونەر محەممەد: قەڵەوی کێشەیەکی سەرەکی و باوە بۆ ئەژنۆکان، بەجۆرێک هەر کیلۆگرامێکی زیاد لە کێش، لە بەرامبەردا پێنج کیلۆگرام پەستان دەخرێتە سەر ئەژنۆکە، هەربۆیە پچڕانی بەستەری ئەژنۆ لە کەسانی کێشڕێک کەمترە.