رووداو - تەندروستی
حکومەتی بەریتانیا لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی لەنێو منداڵان بڕیارێک رادەگەیێنێت، بەجۆرێک رێکلامی خۆراکە خێراکان لە شاشە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخەدەکات.
ئەندروو گوین، وەزیری تەندروستیی بەریتانیا ئاشکرای دەکات، لە ساڵی داهاتووەوە دوای کاژێر 9ـی شەو هەموو رێکلام و بانگەشەیەک بۆ خۆراکە خێراکان قەدەخەدەکرێت و بە شێوەیەکی گشتیش رێکلامی ئەو جۆرە بەرهەمانە سنوورداردەکرێت.
بەپێی حکومەتی بەریتانیا، لە یەکی ئۆکتۆبەری 2025ـەوە بڕیارەکە جێبەجێدەکرێت کە ئەمانەش دوای ئەوە دێن، رێژەی قەڵەوی لەنێو منداڵاندا لە جیهاندا بەرزبووەتەوە و حکومەتی بەریتانیاش داوای لێکراوە کە کارێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەوە بگرێتەبەر ئەویش بە زیادکردنی باج لەسەر شیرینییەکان و قەدەخەکردنی فرۆشتنی خواردنەوەی وزەبەخشەکان.
رێکخراوە منداڵپارێزییەکانی وڵاتەکە دەڵێن، ''پێویستە فرۆشتنی وزەبەخشەکان بۆ خوار 16 ساڵان قەدەخەبکرێت و هانی زیاتری دایک و باوکان بدرێت بۆ شۆردنی ددانی منداڵەکانیان''.
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی NHS لە بەریتانیا، لە ئینگلاند کلۆربوونی ددان باوترین جۆری نەخۆشییە لەنێو منداڵانی پێنج بۆ نۆ ساڵان، بەپێی ئامارەکانیش؛ ساڵی رابردوو زیاتر لە 50 هەزار منداڵی خوار 18 ساڵان لە وڵاتەکە ددانیان دەرهێناوە کە ئەمەش نموونەیە بۆ زۆرخواردنی شیرینی و خۆراکە ناتەندروستەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ