ئیناسی سێ ساڵان بۆ چاندنی جگەر دەبردرێتە هیندستان

رووداو  دهۆک

دوای راپۆرتێکی رووداو لە دهۆک لەسەر دۆخی تەندروستی منداڵێکی 3 ساڵان کە پێویستی بە چاندنی جگەر هەیە، لە بەرنامەیەکی بەرپرسیاریش ئەو بابەتە رووبەڕووی خێرخوازان کرایەوە و، توانرا هاوکاریی پێویست کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەومنداڵە لەو نەخۆشییەی رزگاری بێت.


هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند: دوای ئامادەکردنی راپۆرتێک و بەسەرکردنەوەی لە بەرنامەی بەرپرسیار لەسەر دۆخی تەندروستی ئیناس ئیحسانی تەمەن 3 ساڵان، ئێستا بە خۆشحاڵییەوە لە چەندین لاوە توانرا ئەو هاوکارییە کۆبکرێتەوە کە پێویستیانە بۆ نەشتەرگەرییەکەی، تەنانەت چەندین کەس ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ ئەوەی پارچەیەک لە جگەریان پێشکەشی ئیناس بکەن، بەڵام جگەری لەلایەن دایکیەوە پێشکەش دەکرێت".

بەگوتەی پەیامنێری رووداو، بڕیارە کاژێر 21:30 خولەکی ئەمشەو ئیناس و دایکی بەرەو وڵاتی هیندستان بەڕێبکەون بۆ ئەوەی لەوێ نەشتەرگەری چاندنی جگەری بۆ ئەنجام بدەن و چارەسەری پێویستی بۆ بکەن.

دکتۆر ئازاد عەبدولجەبار، دکتۆری ئیناس لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی: "لەسەرەتادا سوپاسێکی بێ سنوور ئاراستەی رووداو دەکەین، لەڕاستیدا ئەگەر ئێوە نەبان رەنگ بوو ئەو کچە گیان لەدەست بدات، دوای ئەوەی دیدارێکمان لەگەڵ رووداو ئەنجامدا دوای دوو رۆژ ئیناس کەوتە بێهۆشی، کە ئەو دۆخەی ئێمەی زۆر نیگەرانکرد، بەڵام بە نزای خەڵک و هەوڵەکانی ئێمە لە چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی هێڤی، دوای هەفتەیەک بەهۆش خۆی هاتەوە".

ئازاد عەبدولجەبار، دەڵێ: "دوای ئەو کەمپینەی ئێوە ئەنجامتاندا نزیکەی 60 هەزار دۆلاری بۆ کۆکرایەوە، ئەو دکتۆرە هیندیەی بڕیارە نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجام بدات، ئەویش پێی راگەیاندین کە ئەویش لەو خەڵکە زیاتر نییە، ئەویش 20 هەزار دۆلاری لە پارەی نەشتەرگەرییەکە هێنایە خوارەوە".

ئیحسانی باوکی ئیناس بۆ رووداو دەڵێ: "سەرەتا سوپاسی دکتۆر ئازاد دەکەم، هاوکات سوپاسی تۆ و بەرنامەی بەرپرسیار دەکەم لە رووداو کە ئێمەتان بەسەر کردەوە، سوپاس بۆ خودا گەلێک کەسیش پەیوەندییان پێوەکردین کە جگەری خۆیان ببەخشن، خودا خێری هەموو لایەکیش بنووسێت ئێستا ئەو پارەیەی پێویستە کۆکراوەتە، تەنها ئەوە ماوە بەڕێ بکەوین".

هەروەها دایکی ئیناس بۆ رووداو گوتی: "سوپاسی رووداو دەکەین کە لە رێگەی ئەو بەرنامەیەوە هاریکاری باشمان پێگەیشت، خودا خێری هەموو لایەک بنووسێت".

بەرنامەکەی بەرپرسیار لەسەر ئیناس ئیحسانی تەمەن سێ ساڵ