تەندروستیی عێراق بۆ رووداو: هیچ تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون تۆمارنەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای هۆشدارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون، وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت: تائێستا هیچ تووشبوویەکی ئەو ڤایرۆسە لە عێراق تۆمارنەکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی ئابی 2024، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تا ئێستا هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون لە عێراق تۆمارنەکراوە؛ هەوڵەکانمان بۆ دەستنیشانکردن و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەتایە خستووەتەگەڕ."
سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی ئەو شێوازە خۆپارێزییانەی کە لە ماوەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵانی رابردوودا پەیڕەو دەکران، سەیف بەدر گوتی: "هێشتا زۆر زووە بۆ ئەو بڕیارە و ئێمە ئێستا لە قۆناغی هۆشیارکردنەوە و ئاگاداریداین."
رۆژی 14ـی ئاب د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کرد، نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا بڵاوبووەتەوە کە پێشتر هیچ تووشبوویێکیان تێدا تۆمار نەکراوە.
رێکخراوەکە بە فەرمی دۆخی نائاسایی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە راگەیاند و دەڵێت: پێویستە تەندروستیی وڵاتان رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ نەخۆشییەکە تووندبکەن.
بە گوێرەی ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160٪ رێژەکان زیادیان کردووە.
نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هۆکارەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بریتین لە:
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو
نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
- تا
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- بێهێزی
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
هاوکات ڤاکسین تاکە رێگەی پێشگیریکردنە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکە و بە گوتەی بەڕێوەبەری پڕۆگرامی فریاگوزاریی WHO، نیو ملیۆن قورچکی ڤاکسینەکە ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ؛ ژمارەی ڤاکسینەکان بگەیێندرێتە 2.4 ملیۆن قورچک.