رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئەیدز لەنێو سەردانیکارانی چلەی کوژرانی ئیمامی حوسێن راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەو هەواڵانە راست نین."
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 15-08-2024، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پڕوپاگەندەی ناحەزانە بڵاودەکرێنەوە، لەوانە گوایە کەسانێک لە ناوچەکاندا و بەدرێژایی ئەو رێگەیەی دەگاتە پارێزگای کەربەلا هەن و خۆیان وادەناسێنن سەر بە کۆلێژەکانی پزیشکین و بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزازیی پزیشکی بەبێبەرامبەر راسپێردراون، ئەوەش لەرێگەی پێوانەکردنی رێژەی شەکرە بە ژمارەیەک ئامێر کە مەبەست لەو پشکنینانە بڵاوکردنەوەی نەخۆشی ئەیدزە لەنێو سەردانیکاران."
هەروەها دەڵێت: "باسی ئەوە دەکرێت ژمارەیەک نوێنەری کۆمپانیاکانیش گوایە بۆ پێوانەکردنی شیاوی و ماوەی بەسەرچوونی ئاو بە پاساوی کۆمپانیای فلتەری پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوەوە ئەو کارە دەکەن."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە: "دوای وردبینی و بەدواداچوونی ئەو بڵاوکراوانە دەرکەوت راست و دروست نین". داواش لە خەڵک دەکات سەرچاوە دروستەکانی زانیاری بە هەند وەربگرن و باوەڕ بە پڕوپاگەندە نەکەن.
لە چەند رۆژی رابردوو لە بەشێک لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا وا بڵاوکرایەوە ئەوانەی پشکنینی شەکرە دەکەن لەسەر ئەو رێگایانەی سەردانیکاران بۆیان دەچن لە رێگەی ئامێرەکانیانەوە نەخۆشیی ئەیدز بڵاودەکەنەوە، هەندێکیش ئەوانیان بە داعش ناساندبوو، کە دەیانەوێت زیان بە سەردانیکاران بگەیێنن.
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ـی ئاب و لە ئێستاوە بەشێک لە شیعەکان پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە پێ بەرەو کەربەلا بەڕێکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ