زانکۆی باشووری وێڵز: کۆنتڕۆڵنەکردنی بەرزەپەستانی خوێن هۆکارێکی تووشبوونە بە لەبیرچوونەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی باشووری وێڵز لە ئوسترالیا دەریدەخات، چارەسەرنەکردنی بەرزەپەستانی خوێن ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاددەکات. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کەسانەی چارەسەری بەرزەفشاری خوێن وەرناگرن و پەستانی خوێنیان کۆنتڕۆڵناکەن ئەگەری تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە بەڕێژەی 42٪ زیاترە بەراورد بەوانەی چارەسەری پێویست بۆ بەرزەپەستانی خوێن وەردەگرن. 
 
دکتۆر ماتیۆ لینۆن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''چەندین هۆکاری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە هەن، بەڵام بەرزەپەستانی خوێن باوترین ئەو هۆکارەیەکە دەشێت پێشگیری لێبکرێت''. 
 
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆلێژی لەندەن زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە لە جیهاندا هەن، توێژەرانی بەریتانیا پێیان وایە، هۆکاری تووشبوونی نیوەی ژمارەی تووشبووانی لەبیرچوونەوە پێشگیری لێدەکرێت بە دوورکەوتنەوە لە خووە ناتەندروستەکان.
 
توێژینەوەکەی زانکۆی کۆلێژی لەندەن دەڵێت، 12 هۆکار لە نیوەی ژمارەی تووشبووان هەن و دەتواندرێت پێشگیریان لێبکرێت، چونکە راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ هۆکارن بۆ لەبیرچوونەوە وەکو؛
 
- بەرزەپەستانی خوێن
- نەخۆشیی شەکرە
- جگەرەکێشان
- قەڵەوی
- خەمۆکی
- کەمجووڵەیی
- خواردنەوەی کحول
- بەرکەوتنی زەبر بە مێشک
- پیسبوونی هەوا
- دابڕانی کۆمەڵایەتی
- کەمیی ئاستی خوێندەواری
- نەخۆشییەکانی بیستن