بایدن 150 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە پڕۆژەیەکی چارەسەریی شێرپەنجە
رووداو - تەندروستی
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتیی دامەزراوە پزیشکییەکان دەکات بۆ باشترکردنی کوالێتیی چارەسەرییەکانی شێرپەنجە و کەمکردنەوەی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و جیڵ بایدنی هاوژینی سەردانی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجەیان کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا 150 ملیۆن دۆلاریان بەخشییە هەشت تیمی توێژەر لە وڵاتەکە تاوەکو کار لەسەر نوێترین رێگەی چارەسەر بۆ شێرپەنجە بکەن.
جۆ بایدن دەڵێت: ''شێرپەنجە گەیشتووەتە هەموو ماڵێک و پێویستە لەڕووی پێشگیریکردن و باشترکردنی چارەسەرەکان هەمووان کاری جیدی لەسەر بارودۆخەکە بکەین''.
بەپێی میدیا ئەمریکییەکان، بایدن دەیەوێت تاوەکو 2047 رێژەی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە بگاتە نیو ئەوەندەی ئێستا.
بەشێکی زۆری پڕۆژە تەندروستییەکانی بایدن پاڵپشتیی سەنتەر و نەخۆشییەکانی شێرپەنجەیە، چونکە کوڕەکەی لە ساڵی 2015 بە شێرپەنجەی مێشک گیانی لەدەستدا، تەنانەت خۆی و هاوژینەکەشی لە ماوەکانی رابردوو شێرپەنجەی پێستیان لێ پشتڕاستکراوەتەوە.
بە گوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، شێرپەنجە دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانە لە وڵاتەکە و ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن تووشبووی نوێی شێرپەنجە لەو وڵاتە تۆماردەکرێن.