تەندروستیی جیهانی دۆخی نائاسایی بۆ بڵاوبوونەوەی ''ئاوڵەی مەیموون'' رادەگەیێنێت

رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە فەرمی دۆخی نائاسایی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی mpox کە ناسراوە بە ''ئاوڵەی مەیموون'' راگەیاند و سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت: پێویستە تەندروستیی وڵاتان رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ نەخۆشییەکە تووندبکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 14ـی ئاب د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کرد، نەخۆشیی mpox لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا بڵاوبووەتەوە کە پێشتر هیچ تووشبوویێکیان تێدا تۆمار نەکراوە.
 
بەپێی رێکخراوەکە، ئەو نەخۆشییە لە نێوەڕاستی ساڵی 2023 کۆتایی بە بڵاوبوونەوە و دۆخی مەترسیداری هاتبوو، بەڵام جارێکی دیکە و لەمساڵدا بە فەرمی بڵاوبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، هەر بۆیە بەرپرسانی تەندروستی هۆشداری لە نەخۆشییەکە دەدەن کە هەرچەندە رێژەی کوشندەیی کەمە، بەڵام لێکەوتی زۆرە.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160٪ رێژەکان زیادیان کردووە.
 
نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤەکان لەڕێگەی ئەمانەی خوارەوە دەگوازرێتەوە؛
 
- دەستلێدان 
- ماچکردن
- سێکس
- بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو
 
نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە؛
 
- تا
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- بێهێزی
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
 
هاوکات ڤاکسین تاکە رێگەی پێشگیریکردنە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکە و بە گوتەی بەڕێوەبەری پڕۆگرامی فریاگوزاریی WHO، نیو ملیۆن قورچکی ڤاکسینەکە ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ؛ ژمارەی ڤاکسینەکان بگەیێندرێتە 2.4 ملیۆن قورچک.