دووەم ڤاکسینی دژ بە مەلاریا پەسنددەکرێت

رووداو - تەندروستی 

دووەم ڤاکسینی دژ بە نەخۆشیی مەلاریا لە جیهاندا پەسنددەکرێت و ئەمساڵ بۆ زیاتر لە 250 هەزار منداڵ بەکاردەهێندرێت.
 
زانکۆی ئۆکسفۆردی ئەمریکی و پەیمانگەی سیرەم لە هیندستان دۆزەرەوە و توێژەرانی ڤاکسینە نوێیەکەن کە لە هەریەک لە وڵاتانی 'گانا، نەیجیریا، بورکینا، کۆتدیڤوار و کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست' بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پەسندکراوە.
 
پەیمانگەی سیرەم لە هیندستان ئاشکرای دەکات، ڤاکسینە نوێیەکە ئەمساڵ بۆ 15 وڵاتی ئەفریقا بەکاردەهێندرێت؛ 250 هەزار منداڵیش کراونەتە ئامانج، تاوەکو بە تەواوی بنبڕی نەخۆشیی مەلاریا بکرێت.
 
د. ماری هامێڵ، سەرۆکی جێبەجێکردنی خشتەی کوتان لە WHO دەڵێت: تائێستا هەردوو ڤاکسینەکەی مەلاریا کاریگەرن و توانایان هەیە بە تەواوەتی کەسەکە لە نەخۆشییەکە بپارێزن.
 
پەیمانگەی سیرەم لە هیندستان رایدەگەیەنێت، ئەم ڤاکسینە نوێیە 25 ملیۆن قورچکی لێبەرهەم هاتووە و  ساڵانە 100 ملیۆن قورچکی لێدروست دەکەن کە هەر قورچکێک نزیکەی 4 دۆلاری تێدەچێت.
 
بۆ یەکەمجار ڤاکسینی دژ بە مەلاریا لە سەرەتای ئەمساڵ وەکو رۆتین لە کامیرۆن بەکارهات، بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو ڤاکسینە کلیک لێرە بکە.