حکومەتی ئەڵمانیا بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازینیکا رادەگرێت


رووداو- هەولێر

حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند ڤاکسینی ئەسترازینیکا رادەگرێت بەهۆی ئەوەی چەند حاڵەتێكی تووشبوون بە کڵۆبوونی خوێن لەنێو بەکارهێنەرانی تۆمارکراون. 

بەگوێرەی دوایین بڕیار، حکومەتی ئەڵمانیا لەدوای نیزەرلاند و چەند وڵاتێكی دیکەی ئەوروپی، بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازینیکای هەڵپەسارد، دەیەوێت بەدواداچوون بۆ هۆکاری کڵۆبوونی خوێن لەنێو چەند کەسێك بکات لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە. 

هاوکات هوگۆ دی جۆنگ وەزیری تەندروستی هۆڵەندا رایگەیاندبوو دەبێت هەمووان دڵنیابن لە سەلامەتی بەکارهێنانی ڤاکسین، نابێت ڤاکسینێك بەکاربهێنن کە گومان لەکارکردن یان کاریگەرییە لاوەکییەکانی هەبێت. 

دەشڵێن توێژینەوە بۆ هۆکارەکانی کڵۆبوونی خوێن لەنێو ئەو کەسانە دەکەن کە پێشتر ڤاکسینەکەیان لەسەر بەکارهاتووە تاوەکو دڵنیابنەوە لە هۆکارەکەی.