توێژینەوەیەک لە دانیمارک: بەپێ رۆیشتن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە دانیمارک کاریگەریی بەپێ رۆیشتن لەسەر تەندروستی دەردەخات و ئاشکرای دەکات، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە، هەروەها بەرگریی جەستە دژی خانە شێرپەنجەییەکان چالاکتردەکات.
 
زانکۆی باشووری دانیمارک دەریدەخات، 10 هەزار هەنگاوی رۆژانە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەڕێژەی 50٪ کەمدەکاتەوە، تەنانەت سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایدەگەیێنێت، بەپێ رۆیشتن کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی ئەگەری مردنی پێشوەختەش هەیە.
 
بۆرجا دێل پۆزۆکروز، مامۆستا لە زانکۆی باشووری دانیمارک لە شاری ئۆدێنس دەڵێت: ''تاوەکو 10 هەزار هەنگاو بۆ تەندروستی بەسوودە، لەوە بەدواوە کاریگەرییە سوودبەخشەکانی بەپێ رۆیشتن کەمدەبنەوە.''
 
بۆرجا دێل لەبارەی کاریگەرییەکانی خەو و خۆراک لەسەر تەندروستی روونی دەکاتەوە، چالاکیی جەستەیی ئەگەر رێکردنێكی ئاسایی بێت شتێکی باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆراک و خەوی تەندروست، لەگەڵ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی دەشێت هۆکاری سەرەکی بن بۆ هەبوونی شێوازی ژیانێکی تەندروست و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
 
بەگوێرەی ناوەندی مایۆکلینیکی پزیشکی، بەپێ رۆیشتن کاریگەریی لەسەر دەرووندروستی دەبێت و سەرئەنجام گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە، هاوکات توانای بڕیاردانیش باشتردەکات.