پسپۆڕێکی خوێن: لە هەرێمی کوردستان 7٪ـی تووشبووانی شێرپەنجە منداڵانن

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا رایدەگەیێنێت، شێرپەنجەی خوێن و مێشک باوترین شێرپەنجەکانی نێو منداڵانن و ئەگەری چارەسەرکردنیان 90٪ زیاترە.
 
دکتۆر عەلی عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە منداڵاندا 90٪ـی هۆکارەکانی شێرپەنجە نەزانراون، بەڵام گرنگترین شت زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەیە''، هەروەها پسپۆڕەکە بە پێویستی دەزانێت کە دایک و باوک لە ئەگەری بوونی هەر نیشانەیەکی نەخۆشیی درێژخایەن سەردانی پزیشکی پسپۆر بکەن و لە تەندروستی منداڵەکەیان بکۆڵنەوە.
 
بە گوتەی دکتۆر عەلی عومەر، زۆرینەی نیشانەکانی شێرپەنجەی خوێن دەتواندرێت بە ئاسانی دەستنیشانبکرێن و درکیان پێبکرێن، هاوکات روونیدەکاتەوە، ئاماژەکانی نێو پشکنینەکان وەکو کەمیی خڕۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن یاخود کەمخوێنی و تووشبوون بە هەوکردن دەشێت ئاماژەبن بۆ شێرپەنجەی خوێن، بەڵام لەبارەی جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە لە منداڵاندا پسپۆڕەکە گوتی: ''نیشانەکانی شێرپەنجەی لیمفەگرێیەکان درەنگتر دەردەکەون و ناتواندرێت بەزوویی دەستنیشانبکرێن.''
 
پسپۆڕەکە ئاشکرای دەکات، هیچ پشکنینێکی پێشوەختەی شێرپەنجە لە منداڵاندا بوونی نییە، هەروەها سەبارەت بە جۆرە باوەکانی شێرپەنجە لە منداڵاندا دەڵێت: ''زۆرینەی منداڵانی تووشبوو گیرۆدەی شێرپەنجەکانی خوێن، لیمفەگرێ و مێشکن.''
 
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکەی خوێن و شێرپەنجە رایگەیاند، منداڵان بەراورد بە گەنج و بەساڵاچووان ئاسانتر و خێراتر لە شێرپەنجە چاکدەبنەوە، بەجۆرێک رێژەی چاکبوونەوە لە شێرپەنجەی خوێن 90٪ و لە شێرپەنجەی لیمفەگرێیەکان 95٪ زیاترە، هاوکات ئەوەشی روونکردەوە کە شێرپەنجە نەخۆشییەکی دەگمەنە لەنێو منداڵان، بەجۆرێک لە هەرێمی کوردستان 7٪ـی کۆی تووشبووانی نەخۆشییەکە منداڵانن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا؛ ساڵی 2021 ژمارەی تووشبووان سێ هەزار و 80 کەس بوو کە 232ـیان منداڵبوون، بەڵام لە ساڵی 2022 لەکۆی دوو هەزار و 700 تووشبووی تۆمارکراو 121ـیان منداڵبوون کە تاوەکو ئێستا شێرپەنجەی خوێن بە باوترین جۆری شێرپەنجەی نێو منداڵان تۆمارکراوە.
 
ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن، لە 100 هەزار کەس 151 کەس تووشی شێرپەنجە بوون، بەڵام لە عێراقدا رێژەی تووشبووان بەرزدەبێتەوە، بەجۆرێک لە هەر 100 هەزار کەسێک نزیکەی 179 کەسیان تووشبووی شێرپەنجەن.