رێنماییە نوێیەکانی رێگری لە قەڵەوی؛ هەر کەسێک ورگی هەبوو، قەڵەوە
رووداو - تەندروستی
ئێستا قەڵەوی یەکێکە لە کۆسپە گەورەکانی بەردەم تەندروستیی گشتیی وڵاتان، پسپۆڕانی هیندستان چەند رێنوێنییەکی نوێ بۆ قەڵەوی دادەنێن و دەڵێن، ئەوانەی قەڵەو نین و چەوریی زیادیان زۆرە ئەوا مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
ئێستا بەگوێرەی هاوکێشەی پێوەری بارستەی جەستە BMI، ئەگەر کەسێک ئەو پێوانەیەی 30 زیاتر بوو ئەوا بە قەڵەو دادەنرێت، بەڵام پسپۆڕانی هیندستان لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرای دەکەن، زۆر کەس هەیە چەوریی جەستەیان زۆرە، بەڵام BMIـیان لە خوار 30ـیە.
توێژینەوەیەک لەلایەن نەشتەرگەری، چارەسەرکاری سرووشتی و خۆراکناسەکانی دامەزراوەی نیشتمانیی شەکرە و قەڵەوی لەگەڵ پسپۆڕانی پەیمانگەی زانستە پزیشکییەکان لە هیندستان کرا و رێکاری نوێیان بۆ رێگری لە قەڵەوی دوای 15 ساڵ لە رێکارە کۆنەکان دانا.
بەپێی توێژینەوەکە چوار بڕیار دران؛
- مەرج نییە هەر کەسێک BMIـیەکەی خوار 30 بێت مانای کێشڕێک بدات، بەڵکو هەندێک کەس چەوریی زیادیان هەیە و رێژەی BMIـیان ئاساییە.
- هەرکەسێک چەوریی دەوروبەری سکی زۆر بوو ئەوا دەکرێت بە قەڵەو هەژمار بکرێت و چارەسەری خۆی بکات.
- بایەخدانی زیاتر بە رێگەکانی پێشگیریکردن لە چەوریی ورگ؛ چونکە هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوونە بە شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ.
- دابەشکردنی پێوانەی قەڵەوی بۆ دوو قۆناخ؛
1- ئەوانەی BMIـیان سەروو 23ـیە و هیچ ئەندامێکیان زیانی پێنەگەیشتووە یاخود کاریگەری لەسەر شێوازی ژیانیان نەکردووە، ئەمە بە قۆناخی ''قەڵەویی بێ زیان'' یاخود ''قۆناخی یەکەمی قەڵەوی'' ناودەبرێت کە دەشێت بگۆڕێت بۆ قۆناخی دووەمی قەڵەوی.
2- ئەوانەی BMIـیان سەروو 23ـیە و پانیی کەمەریان زۆرە و چەوریی ورگیان هەیە هەروەها تووشی نەخۆشی و هەوکردنی درێژخایەنیش بوون، ئەمە بە ''قۆناخی دووەمی قەڵەوی'' ناودەبرێت.