لە هەولێر سیمینارێک بۆ هۆشیارکردنەوەی مامۆستایان لە نەخۆشییە گوازراوەکان بەڕێوەدەچێت

رووداو – تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان سیمینارێک سەبارەت بە نەخۆشییە گوازراوەکانی نێو منداڵان پێشکێشدەکات و رایدەگەیێنێت، هۆشیاری تەندروستی رێگەیەکی کاریگەرە بۆ خۆپارێزی و مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ نەخۆشییەکان بەتایبەت لەنێو منداڵاندا. 
 
دکتۆر سۆران سابیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە یەکێک لە کۆمەڵگە پەروەردەییەکانی شاری هەولێر سیمینارێکی بۆ کارمەندان و مامۆستایانی کۆمەڵگەکە پێشکێشکرد و دەڵێت: ''بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی بۆ مامۆستایان و کارمەندانی ناوەندە پەروەردەییەکان گرنگە و پێویستە وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی هاوئاهەنگی بکەن لە پێشخستنی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی بەتایبەت لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتا وەرزییەکاندا.'' 
 
دکتۆر سۆران لەبارەی نێوەڕۆکی سیمینارەکە بە رووداوی گوت: بە درێژایی سیمینارەکە نەخۆشییەکانی وەکو 'سوورێژە، دەردەسەرما، ئەنفلەوەنزا، کۆرۆنا و رشک و ئەسپێ باسکران' لەپێناو ئەوەی مامۆستایان بتوانن ئەو نەخۆشییانە بناسنەوە و پێشگیری لە تووشبوونی قوتابی و منداڵەکانیان بکەن.
 
هاوکات دکتۆر سارا رزگار، پزیشکی گشتی دەڵێت: ''ئەو نەخۆشیانەی منداڵان کە زۆرجار لە قوتابخانەکان دەگوازرێنەوە لە وەرزی زستاندا زیاددەبن، هەروەها پێویستە دایک و باوکان لەوە ئاگاداربکرێنەوە کە بە پاک و خاوێنی منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە و لە پەیڕەوکردنی مەرجەکانی تەندروستی رێنوێنییان بکەن .''
 
لەبارەی نەخۆشییە گوازراوەکانەوە دکتۆر سارا روونیدەکاتەوە، لەکاتی هەستکردن بە نیشانەکانی ئەنفلەوەنزا و کۆرۆنا پێویستە منداڵ نەنێردرێتەوە قوتابخانە، هەروەها مامۆستایان لە پێدانی مۆڵەت بە قوتابی تووشبوو ئاسانکاری بکەن.