بەریتانیا پێشنیازی دەنکۆڵەیەک بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان دەکات
رووداو - تەندروستی
ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا کە ناسراوە بە NHS پێشنیازی دەنکۆڵەیەک دەکات بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان.
دەنکۆڵەکە ناوی ڤارینیکلینە و رۆژانە بۆ ماوەی شەش مانگ دەخورێت، دەزگای خۆراک و دەرمان بە سەلامەت و کاریگەری دەزانێت.
بە جۆرێک کاردەکات کە بە وەرگرەکانی نیکۆتینەوە دەبەسترێت، ئەمەش وادەکات کەسی ئالوودەبوو ئاسانتر واز لە جگەرەکێشان بهێنێت.
پسپۆڕان پێیان وایە، لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا رێگە لە مردنی 10 هەزار کەس دەکات بەهۆی جگەرەکێشانەوە.
پڕۆفیسۆر ماتیۆ ئیڤیژن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە ناوەندەکە دەڵێت: ''جگەرەکێشان وابەستەبوونێکی بەهێزە، هۆکارە بۆ وێرانبوون، نەخۆشکەوتن و مردنی لەناکاو، بۆیە هەر شتێک یارمەتیی کەسێک بدات وزی لێبهێنێت گرنگە و ئەم دەرمانە بەڕاستی کاردەکات''.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵی رابردوو هەشت ملیۆن کەس بەهۆی لێکەوتەکانی جگەرەکێشانەوە لەناکاو گیانیان لەدەستداوە.
ئەم حەبە نوێیەی NHS ـیش دەکرێت چارەسەرێکی رۆژانە بێت بۆ وازهێنان لەو خووە مەترسیدارە.