تەندروستیی کۆیە: 25٪ـی بڕی پێویست لە دەرمان بۆ تووشبووانی شەکرە دابینکراوە
رووداو - تەندروستی
لە هەرێمی کوردستان کێشەی کەمیی دەرمانی شەکرە هەیە و تووشبوویەکی شەکرە لە کۆیە دەڵێت، بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە ساڵێکە لە نەخۆشخانەی حکومی هیچ دەرمانێکی دەستنەکەوتووە.
شەکرە ژیانی خانمێکی بەساڵاچووی تێکداوە و نەبوونی دەرمانیش لەولاوە بوەستێت، هاونیشتمانییەک بە رووداوی گوت، ''ناچارین دەرمانەکانی شەکرە لە دەرمانخانە تایبەتەکان بکڕین''.
لە کۆیە نزیکەی سێ هەزار تووشبووی نەخۆشیی شەکرە هەن، تەندروستیی کۆیە دەڵێت: تائێستا هیچ سەنتەرێکی تایبەت بە شەکرەمان نییە و 25٪ـی دەرمان بۆ تووشبووانی شەکرە دابینکراوە.
دکتۆر شێروان جەلال، جێگری بەڕێوبەری تەندروستیی کۆیە گوتی، ''بەناچاری ئێمە شوێنێکمان بۆ نەخۆشیی شەکرە کردووەتەوە کە ئێواران دەتوانن لەوێ چارەسەر وەربگرن، چونکە دەرمان لە بەیانیاندا زۆر کەمە و نییە''.
تەندروستیی کۆیە مانگانە پێویستی بە لانیکەم 20 هەزار دەنکۆڵەی شەکرەیە، بەڵام تەنیا پێنج بۆ شەش هەزاری بۆ دابیندەکرێت، ئەمە جگە لەوەی قەزاکە سەنتەرێکی تایبەت بە نەخۆشیی شەکرەی نییە.