سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: بەبێ بوونی ئاشتی، شتێک بە ناوی تەندروستییەوە نییە

رووداو - تەندروستی 

لە لووتکەی تەندروستیی جیهانی دا سەرۆکی WHO گوتی، ''بەبێ بوونی ئاشتی، شتێک نییە بە ناوی تەندروستی''، هاوکات گوتیشی، کاتێک تەندروستی لە مەترسیدا بێت، ئەوا هەموو شتێک دەکەوێتە مەترسییەوە.
 
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە لوتکەی تەندروستیی جیهانیدا لەبەردەم هەزاران کەس و سەتان سەرکردەی تەندروستی و سیاسیی وڵاتانی جیهان گوتی، جەنگ جگە لە وێرانکاری، هیچ شتێکی دیکە بە دوای خۆیدا ناهێنێت و پێویستمان بە جیهانێکی ئاشتیانەترە.
 
د. تێدرۆس ئادهانۆم باسی متمانە لەنێو کەرتی تەندروستی دەکات و دەڵێت: ئەگەر خەڵک متمانەی بە تەندروستی نەمێنێت، ئەوا بە گوێی رێنوێنییە تەندروستییەکانیش ناکەن و دەرمانیش بەکارناهێنن، ئەمەش دەرەنجامی کوشندە و مەترسیداری لێدەکەوتەوە، هەر وەک بڵاوبوونەوەی بێشووماری کۆڤید-19 لە کۆنگۆ.
 
سەرۆکی WHO نەیشاردەوە کە بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وایکردووە کە بێمتمانەیی لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکان و رێگەکانی خۆپاراستن لە پەتاکان هەبێت.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بە ئاشتیی وڵاتان دەکات و دەڵێت: ''ئاشتی باشترین دەرمانە، چونکە بەهۆی نەبوونی ئاشتییەوە سەتان کەس لە غەززە، لوبنان و ئۆکراینا گیانلەدەستدەدەن، هەر بۆیە زیاتر لە جاران پێویستمان بە ئاشتی هەیە''.
 
لە ئەڵمانیا لووتکەی تەندروستیی جیهانی بەڕێوەدەچێت و رێنوێنییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە کەرتی تەندروستیدا دوو لە مژارە سەرەکییەکانی لووتکەکەن؛ تیمێکی لووتکەی تەندروستیی کوردستانیش ئامادەدەبن.
 
لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانی زیاتر لە 10 هەزار کەس لە رێگەی ئۆنلاین و سێ هەزار کەسیش بەشێوەی راستەوخۆ لە بەرلین بەشداردەبن، هەروەها 350 قسەکەر و 100 وڵاتی جیاوازیشی تێدادەبێت، هاوکات لووتکەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە 13 تاوەکو 15ـی تشرینی یەکەم بەردەوامدەبێت و پانێڵە جیهانییەکان پێشکێشدەکرێن.